خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: [وَعَلَى الَّذِينَ يُطِيقُونَهُ فِدْيَةٌ طَعَامُ مِسْكِينٍ]البقرة: 184، واته: ئه‌و كه‌سانه‌ی ناتوانن رۆژو بگرن له سه‌ریانه فدیه بده‌ن، كه نان دانی هه‌ژارانه.
ئه‌بو داود له عیكره‌مه‌ی وه‌رگرتوه، كه ئیبن عه‌بباس ده‌رباره‌ی فه‌رموده‌ی خوای گه‌وره [وَعَلَى الَّذِينَ يُطِيقُونَهُ] گوتویه‌تی: ئه‌م روخسه‌ت و رێگه‌دانی رۆژو نه‌گرتنه، بۆ به‌ساڵاچو و پیره و بۆ ئافره‌تی به‌ته‌مه‌نه. كه له بری هه‌ر رۆژێك هه‌ژارێك نان بده‌ن. ئافره‌تی سك پڕ و شیرده‌ر، گه‌ر له خۆیان، یان له منداڵه‌كه‌یان بترسن، كه به به‌رۆژوبون توشی مه‌ترسی ده‌بن، ئه‌وا بۆیان هه‌یه به‌رۆژو نه‌بن و فدیه بده‌ن، كه تێر كردنی یه‌ك هه‌ژاره له هه‌ر رۆژێك دا. (به‌زار) گێڕاویه‌تیه‌وه.
له كۆتاییدا ئه‌وه‌شی زیاد كردوه و ده‌ڵێ: ئیبن عه‌بباس به دایكی كوڕه‌كه‌ی ده‌گوت: (تۆ له‌و كه‌سانه‌ی، كه زۆر به‌زه‌حمه‌ت ڕۆژوى بۆ ده‌گیرێ. له‌به‌ر ئه‌وه له‌سه‌رت پێویسته فیدیه بده‌ی و قه‌زا نه‌كه‌یه‌وه). دار القطني ئیسناده‌كه‌ی به (صحيح) داناوه
له (نافع)ه‌وه كه ئیبن عومه‌ر سه‌باره‌ت به ئافره‌تی دو گیان پرسیاری لێ كرا، كاتێك گه‌ر به ڕۆژو بێ، به‌ڵام له‌وه بترسێ منداڵه‌كه‌ی توشی مه‌ترسی ببێ، ئه‌ویش فه‌رموی: با به‌رۆژو نه‌بێ و له شوێنی هه‌ر ڕۆژێك یه‌ك (مُد) واته: (یه‌ك مشت گه‌نم) بدات به هه‌ژاران. مالك و به‌یهه‌قی گێڕاویانه‌ته‌وه.
پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم فه‌رمویه‌تی: ((إن الله وضع عن المسافر الصوم وشطر الصلاة، وعن الحبلى والمرضع الصوم)). رواه أبوداود والترمذي وأبن ماجة (سنده جيد)، واته: خوای به‌خشنده رۆژوگرتن و نیوه‌ی نوێژی له‌سه‌ر ڕێبوار(مسافر) هه‌ڵگرتوه، هه‌روه‌ها بۆ ئافره‌تی دو گیان و شیرده‌ریش.
له‌م باره‌یه‌وه چه‌ند ئایه‌تێك هاتوه كه ده‌بێ نه‌خۆش و ڕێبوار رۆژو بگرنه‌وه. به‌ڵام له‌سه‌ر ئافره‌تی دو گیان و شیرده‌ر پێویست نه‌كراوه. ئه‌م حوكمه شه‌رعىیه چه‌ند ئاسانه، كه‌چی له نێو زۆربه‌ی مسوڵماناندا شاراوه و نادیاره، نه‌زانراوه و بوه‌ته هۆی ئه‌وه‌ى ئافره‌تی دو گیان و شیرده‌ر منداڵه‌كه‌یان تیا بچێ، یان نه‌خۆشی ڕوی تێ بكات.
ئافره‌ت كاتێك ده‌زانێ ده‌بێ رۆژوه‌كه بگرێته‌وه، ناچار رۆژو ده‌گرێ و خۆیی و منداڵه‌كه‌شی توشی زه‌ره‌رو زیان ده‌كات!
نازانم ئافره‌تی دو گیان، یان شیرده‌ر كه‌ی كاتێكی بۆ ده‌لوێ و ده‌گونجێ، كه ڕۆژوه‌كه‌ی بگرێته‌وه، چونكه ئافره‌ت به تایبه‌تی له یه‌كه‌م ساڵی شوكردنیدا له نێوان سكپڕی و شیردان دایه!
هه‌ندێك له ئیمامی مه‌زهه‌به‌كان له‌سه‌ر ئافره‌تی دوگیان و شیرده‌ریان به واجب داناوه، رۆژو بگرنه‌وه.
بێگومان ئه‌م ئیمامانه -ڕه‌حمه‌تی خوایان لێ بێ- چاویان به‌و به‌ڵگانه‌دا نه‌خشاندۆته‌وه، ئه‌گینا نه‌یان ده‌توانی موخاله‌فه‌ی بكه‌ن. له كاتێكدا گشتیان گوتویانه گه‌ر فه‌رموده‌یه‌كی صحيح هه‌بو ئه‌وه مه‌زهه‌بی منه.
ئیبن عومه‌ر و ئیبن عه‌بباس ده‌ڵێن: ((الحبلى والمرضع إذا أفطرتا عليهما الفدية ولا قضاء عليهما!!)). واته: ئافره‌تی دو گیان و شیرده‌ر، گه‌ر به ڕۆژو نه‌بون، له‌سه‌ریانه فدیه بده‌ن و قه‌زایان له‌سه‌ر نى یه.
قسه‌كانی ئیبن عه‌بباس و ئیبن عومه‌ر حوكمه‌كه‌ی (مرفوع)ه. چونكه وانابینرێ ئه‌م دو زانایه له خۆیانه‌وه قسه بكه‌ن.