بۆچی ڕۆژوو بگرین ؟
بەروار: 2010/08/10سەردارن: 4079نوسەر: هاوار عبدالله

بۆ ئەوەی ئەم عیبادەتە نەبێتە جۆرێك لەعادەت و قورس نەبێت لە سەرمان پێویستە هەموو موسڵمانێك پرسیارێك لەخۆی بكات ئەویش بۆچی ڕۆژوو بگرین ؟ جونكە خەڵكێكی زۆر ڕۆژوو ئەگرن و نازانن بۆچی ڕۆژوو ئەگرن ئەم نەزانینە وامان لێئەكات جیاوازی نەكەین لەنێوان عادەت و عیبادەت ، چونكە تاوەكو ئامانج لەڕۆژوو گرتن دیاری نەكەین چێژ لەڕۆژوو گرتن نابینین ، دیاری كردنی ئامانجیش وامان لێئەكات هەموو تواناكانمان بخەینە گڕ بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ، لە ڕەمەزاندا و لەگەرمای هاویندا خۆمان لە خواردنەوەی ئاوی سارد ئەگرینەوە و برسیمان ئەبێت و ماندو ئەبین لەپێناو چی ؟ ئەمانەوێ‌ بگەینە چی ؟ بۆچی ڕۆژوو گرتنی مانگی ڕەمەزان لەسەرمان فەرز كراوە ؟ بە دڵنیاییەوە مەبەستی خوای پەروەردگار ئەوە نیە تینو و برسی بەندەكانی خۆی بكات و سزایان بدات ( نعوذ بالله ) چونكە خوای پەروەردگار لەكۆتایی ئایەتی ڕۆژوو ئەفەرموێ‌ :[ يُرِيدُ اللّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلاَ يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ] ( البقرة : 185 ) .واتە : خوا ئاسوودەیی و كار ئاسانی ئێوەی ئەوێ‌ و لە ئەنجامدانی فەرزەكاندا نایەوێ‌ بكەونە تەنگی وناڕەحەتی .
بۆیە ئامانجە سەرەكیەكان لە ڕۆژوو گرتن ئەمانەن :
ئامانجی یەكەم: جێبەجێ‌ كردنە بۆ یەكێكە لە فەرمانەكانی خوا ، كە لە هەمان كاتدا یەكێكە لە پایەكانی ئیسلام .
ئامانجی دووەم: ئێمەی مرۆڤ پێویستمان بە كردەوەیەكە لەدۆزەخ ڕزگارمان بكات هەر بۆیە سەبارەت بە ڕۆژوو پێغەمبەری خوا فەرموویەتی صلى الله عليه وسلم :((من صام يوما في سبيل الله بعد الله وجهه عن النار سبعين خريفا)) ( متفق عليه ) ، واتە : هەر بەندەیەك لەبەندەكانی خوا لەپێناو خوای پەروەردگار ڕۆژێك بەڕۆژوو بێت ، بەهۆیەوە خوای پەروەردگار (70) حەفتا پایز ـ واتە : ساڵ ـ ڕومەتی لەئاگری دۆزەخ دور ئەخاتەوە .
چونكە ڕۆژوو قەڵایەكە موسڵمان ئەپارێزێت لە ئارەزوەكانی و ڕێگریشە لە تاوان ، هەروەك پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی : ((قال الله تعالى الصيام جنة يستجن بها العبد من النار وهو لي وأنا أجزي به)) ( حسنه الألباني في : صحيح الجامع الصغير / 4308 ) ، واتە : خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ڕۆژوو پارێزەرە ، بە هۆیەوە بەندەی موسڵمان خۆی لەئاگری دۆزەخ پێدەپارێزێ‌ .
هەروەها خوای پەروەردگار ئەفەرموێ‌ :[ وَأَن تَصُومُواْ خَيْرٌ لَّكُمْ إِن كُنتُمْ تَعْلَمُونَ ] ( البقرة : 184 ) ، واتە : بێگومان ڕۆژووگرتن چاكترە بۆتان ئەگەر بەم كارە بزانن .
ئامانجی سێ‌ یەم: پێویستمان بە كردەوەیەك هەیە بەهۆیەوە بچینە بەهەشتەوە ، بۆ ئەم مەبەستەش لە ( أبو أمامە ) دەگێڕنەوە كە فەرمویەتی : ((أتيت رسول الله صلى الله عليه وسلم فقلت مرني بأمر آخذه عنك قال عليك بالصوم فإنه لا مثل له)) ( صحيح سنن النسائي / 2220 ) ، واتە : هاتمە خزمەت پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم و پێم وت : فەرمانم پێ‌ بكە بە شتێك كە لە خۆتەوە وەری بگرم ، ئەویش فەرمووی : بەڕۆژوو بە ، بێگومان ڕۆژووش هاوشێوی نیە .
ئامانجی چوارەم: ئەم پەرستشە جیاوازە لە پەرستشەكانی تر هەروەك لە ڕیوایەتی ئیمامی بوخاری دا هاتوە كە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرمویەتی :  ((يترك طعامه و شرابه و شهوته من أجلي ، الصيام لي وأنا أجزي به ، و الحسنة بعشر أمثالها))، واتە : ڕۆژوەوان واز لەخواردن خواردنەوە و ئارەزوكانی ئەهێنێ‌ ، ڕۆژوو گرتن بۆ منە و تەنها منیش پاداشتی دەدەمەوە ، ڕۆژوو پاداشتێكی دیاری نەكراوم بۆ داناوە چاكەش بە دە ئەوەندەی خۆی پاداشت دەدرێتەوە .
ئامانجی پێنجەم:پێویستمان بەكردەوەیەك هەیە لە تاوانەكانمان بسڕێتەوە و چاكەكانمان زیاد بكات بۆ ئەم مەبەستەش پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرمویەتی :((الصلوات الخمس والجمعة إلى الجمعة ورمضان إلى رمضان مكفرات لما بينهن إذا اجتنبت الكبائر)) ( رواه مسلم ) ، واتە : پێنج فەرزەی نوێژ و نوێژی جومعە بۆ نوێژەكەی تر و ڕۆژوی ڕەمەزان بۆ ڕەمەزانەكەی تر ئەو گوناهانە ئەسڕنەوە كە لەنێوانیاندا ئەنجام ئەدرێت ، بەمەرجێك خۆی بپارێزێت لە تاوانە گەورەكان .
ئامانجی شەشەم: پێویستمان بەكاتێك هەیە كە دڵنیابین دوعاكانمان تیایدا گیرا دەبێ‌ پێغەمبەری خوا فەرموویەتی صلى الله عليه وسلم :((إن لله تعالى عتقاء في كل يوم وليلة لكل عبد منهم دعوة مستجابة)) ( صحيح الجامع الصغير : 2169 ) . واتە :‌ خوای پەروەردگار لە هەموو ڕۆژ و شەوێكی مانگی ڕەمەزان دا چەندەها كەس ڕزگار ئەكات هەروەها بۆ هەموو موسڵمانێكیش پاڕانەوەیەك هەیە تیایدا بپاڕێتەوە ، وەڵامیش دەدرێتەوە .
ئامانجی حەوتەم: پێویستمان بە كاتێك هەیە پەروەردگار لێمان خۆش بێت ، بۆ ئەم مەبەستەش لە ( أبو هریرە ) ەوە دەگێرنەوە كە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم لەسەر مینبەر فەرمووی (  آمين آمين آمين ) پاشان پرسیاریان لێ‌ كرد ئەی پێغەمبەری خوا تۆ كاتێ‌ ڕۆیشتیتە سەر مینبەر فەرمووت ( آمين آمين آمين ) ؟ فەرمووی لەوكاتەدا جبریل ـ سەلامی خوای لێ‌ بێت ـ هاتە لام و فەرموی : هـەر كـەسێك لـە ئـوممـەتـەكـەت مـانگی ڕەمـەزانی بـەسـەردا هـاتوو خـوا لێی خـۆش نەبوو با بڕواتە دۆزەخەوە و خوا دوری كاتەوە لە ڕەحمەتی خۆی ، بڵێ‌ (  آمين ) ، ئەفەرموێت : منیش وتم (  آمين ) .
لە هەمویشی گرنگتر جێ‌ بەجێ‌ كردنی فەرمانێكی گرنگە لە فەرمانەكانی خوای پەروەردگار ، ئەمە جگە لەوەی لە ڕوی ڕەوشت و تەندروستی و ڕوەكانی تر سودمان پێدەگەیەنێ‌ كە بە ویستی پەروەردگار لە بابەتەكانی تر دەچینە سەری .