سه‌له‌فيه‌ت بناسن له ‌لایه‌‌ن سه‌له‌فيه‌كانه‌وه‌ نه‌ك له ‌لایه‌ن ناحه‌زانیه‌وه‌
بەروار: 2011/10/24سەردارن: 14056نوسەر: دکتۆر عبداللطیف ئه‌حمه‌د

[وەڵامی بەڕێز :دکتۆر عبداللطیف ئه‌حمه‌د بۆ پرسیارەكانی گۆڤاری چركە]
چركه‌: ميژووى دروست بونى سه‌له‌فيه‌كان له‌كوردستان ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ كه‌ى؟
د. عبداللطیف سه‌‌له‌فى :
بسم الله الرحمن الرحيم
سه‌باره‌ت به‌ دروست بونى سه‌له‌فيه‌ت له‌ كوردستان و غه‌يرى كوردستاندا، پێويسته‌ بزانرێت كه‌‌ ئایا سه‌له‌فيه‌ت حزبيكه‌ دروست كراوه‌، يان مه‌نهه‌ج و تێگه‌يشتنه‌ له‌ دين، وه‌ چۆنيه‌تى په‌يره‌و كردنه‌ له‌دين؟!
سه‌له‌فيه‌ت بريتي ني يه‌ له‌ حزبيك كه‌ كۆمه‌ڵێك كه‌س هه‌ستابن به‌يه‌كه‌وه‌ دايانمه‌زراندبێت، له ‌فڵانه‌ شوينه‌و‌ له ‌فڵانه‌ ميژوه، واتا مێژوى دروست كردنى هه‌بێت!، ئه‌وه‌ ني يه‌، به‌ڵکو سه‌له‌فيه‌ت بريتي يه‌ له‌و مه‌نهه‌جه‌ى كه ‌پێغه‌مبه‌ر و هاوەڵانی له‌سه‌رى بوون له ‌تيگه‌يشتن و په‌يرِه‌و كردنى دين. وه‌ ئه‌و شێوازه‌ په‌يره‌وكردنه‌ش بۆ دينه‌ به ‌درێژايي مێژوو هه‌بووه‌ له ‌سه‌رده‌مى پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم تا ئه‌مرۆ، به‌ڵام ته‌ماشا ده‌كه‌ين چونكه‌ له‌ هه‌ندێ سه‌رده‌م له‌ هه‌ندێ شوێندا که‌ زانايانى سه‌له‌في نين ئه‌وه‌ ئه‌و مه‌نهه‌جی سه‌له‌فیه‌‌ پاكه‌ و ئه‌و دينه‌ ڕاسته‌ له ‌به‌رچاوى خه‌لك ني يه‌ ، جا كه ‌زانايه‌كى سه‌له‌فى په‌یدا‌بوو ئه‌وه‌ خه‌ڵك واده‌زانن که‌ ئه‌و زانایه‌ سه‌له‌فيه‌تی تازه‌ دامه‌زراندوه!‌، نه‌خير ئه‌و كه‌سه‌ سه‌له‌فيه‌تى ته‌نها زیندوو کردۆته‌وه‌و بڵاویكردۆته‌وه نه‌ک دایهێنابێت و دایمه‌زراندبێت‌، كه‌واته‌ سه‌له‌فيه‌ت بريتي ني يه ‌له‌حزب و چه‌ند كه‌سيك هه‌ستابن به‌دروست كردنى و ميژوى دروست كردنى دياریکراوی هه‌بێت وه‌ک تێکڕای حزبه‌کان، چونکه‌ سه‌له‌فیه‌ت درێژبونه‌وه‌یه‌کی ئاسایی ئه‌م دینه‌ ئیسلامه‌یه‌ که‌ ‌پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم و هاوەڵانی له‌سه‌رى بوون له ‌تيگه‌يشتن و په‌يرِه‌و كردنى دين، وه‌ به ‌درێژايي مێژوو هه‌بووه‌و زاناکانی وه‌ك مالیک و شافیعی و ئه‌حمه‌دو...هاوشێوه‌ی ئه‌وان پێشه‌واى بون تا ئه‌مرۆ.
چركه‌: كێ سه‌رپه‌شتى سه‌له‌فيه‌كانى كوردستان ده‌كات؟
د. عبداللطیف ئه‌حمه‌د: وتمان سه‌له‌فيه‌ت بريتي ني يه ‌له‌ حزب تاكو سه‌ركرده‌ى هه‌بێت، سه‌له‌فيه‌ت بريتي يه‌ له ‌مه‌نهه‌جێك له ‌دينداريه‌تى، ئه‌و مه‌نهه‌جه‌ى که‌ پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم و هاوه‌لانى له ‌سه‌رى بوون و سه‌ده‌ به‌ سه‌ده‌ش زانایان گواستویانه‌ته‌وه‌و بڵاویان كردۆته‌وه ، وه‌ هه‌ر زانايه‌ك كه ‌له‌دين تێبگات وه‌ك خۆى وه‌‌ دينى هه‌ق بڵاو بکاته‌وه‌ ئه‌وه‌ زانايه‌كى سه‌له‌في يه‌، وه‌ هه‌رکه‌سێ ته‌نها خوا په‌رست بێت و دوور بێت له‌ بیدعه‌و خورافه‌ت ئه‌وه سه‌له‌فییه‌ بێ ئه‌وه‌ی ناسنامه‌شی هه‌بێت.‌ به‌ڵام بڵێین سه‌له‌فيه‌ت رێكخستنێكى سیاسی و حزبی هه‌بێت و سه‌ركرده‌يه‌كى هه‌بێت و به‌یعه‌تی پێدرابێت ئه‌وه‌ شتی وه‌ها له‌ناو سه‌له‌فيه‌كاندا ني يه‌ ، ‌له زۆربه‌ی‌ وڵاتاني موسوڵمانان زانايانى سه‌له‌في هه‌ن له‌ ناو سه‌له‌فيه‌كاندا نه‌ك سه‌ركرده‌ و ئه‌ميرى حزب!، وه‌ كێ زاناتر بێت له ‌‌ئه‌وانى تر زياتر پرسي پێ ده‌كرێت و پرسيارى شه‌رعى له‌و ده‌كرێت و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ لاى ئه‌و بۆ زانینی حوکمی شه‌رع به به‌ڵگه‌ نه‌ك بۆ وه‌رگرتنی بڕیاری حزبی!.

چركه‌: ئايه‌ ده‌كرێت سه‌له‌فيه‌ت وه‌ك گروپێكى ئيسلامى ناو بندرێت؟
د. عبداللطیف ئه‌حمه‌د: پێغه‌مبه‌رى ئيسلام صلى الله عليه وسلم فه‌رموى: [وتفترق أمتي على ثلاث وسبعين ملة كلهم في النار إلا ملة واحدة ما أنا عليه وأصحابي] واته‌: له‌ ئاخيرى زه‌مان ئومه‌تى ئيسلام ده‌بێته‌ حه‌فتاو سێ فيرقه‌ (گروپ) هه‌موشيان بۆ ئاگرن‌ ته‌نها يه‌ك گروپ نه‌بێ ، ئه‌ويش ئه‌و کۆمه‌ڵه‌‌يه‌ كه ‌له ‌سه‌ر مه‌نهه‌جى من و هاوه‌ڵانمن. بيگومان سه‌له‌فيه‌کان كۆمه‌ڵێك له ‌مامۆستا وقوتابی‌ و پياوی دیندارن كه‌ خه‌ريكى ئه‌وه‌ن دين وه‌كو خۆى به ‌خه‌ڵك بگه‌یه‌نن، وه‌كو خۆشي په‌يره‌وى ليبكه‌ن، ئه‌ما بڵێین گروپێكى حزبي بن وه‌كو گروپ و حزبه‌كانى تر نه‌خێر، چونكه‌ له ‌زۆر شتدا جياوازى هه‌يه‌ له‌ نيوان سه‌له‌فيه‌ت و گروپه‌كانى تر بۆيه‌ نابێت به‌يه‌ك چاوسه‌يرى سه‌له‌فيه‌ت و حزبه‌كانى تر بكرێت"

چركه‌ :جياوازى نيوان سه‌له‌فيه‌ت و گروپه‌ ئيسلاميه‌كانى تر له‌ چيدايه‌؟
د. عبداللطیف ئه‌حمه‌د: جياوازى سه‌له‌فيه‌ت لەگەڵ حزبه‌كانى تر له‌كۆمه‌ڵێك شتدا ده‌بيندرێت:
يه‌كه‌ميان له‌ئامانج و هه‌ده‌فدا،
دووه‌ميان له‌وه‌سيله‌ ‌و ريگاکانی که‌ ده‌يگرنه‌ به‌ر بۆ گه‌يشتن به‌ئامانج .
له‌ئامانجدا سه‌له‌فيه‌كان ئامانجيان ئه‌وه‌يه‌ که:
1. ‌ خه‌ڵك خواى گه‌وره‌ به ‌ته‌نيا بپه‌رستن .
2. وه‌ هيچ كه‌سێك نه‌په‌رستن و نه‌یکه‌نه‌ شه‌ريك بۆ خوا.
3. خه‌ڵك ده‌ست بگرن به‌دينى خوا به‌گشتی، وه‌ له‌ ئیسلام لانه‌ده‌ن بۆ هیچ دینێکی تری ئاسمانی یان مرۆڤی.
4. وه‌ له‌ ڕه‌وشت و داب و نه‌ریتدا لاسایی کافران نه‌که‌نه‌وه‌.
5. وه‌ له‌سه‌ر سوننه‌ت برۆن.
6. دوربكه‌ونه‌وه‌ له ‌خورافيات شتى هه‌ڵبه‌ستراو.
ئه‌مانه‌ش هه‌ده‌فى پێغه‌مبه‌رانى خوا بون.
به‌ڵام حزبه‌ ئيسلاميه‌كان ئامانجيان زاهيرى بريتي يه‌ له‌گه‌يشتنيان به ‌حوكم و ده‌سه‌ڵات، جا له ‌ڕێگه‌ى هێمنی ده‌نگدان‌ و په‌رله‌مانه‌وه بێ، ياخود له‌ ‌ڕێگه‌ى توندی و جه‌نگه‌وه‌ بێت، هه‌ردوو ڕێگاكان ده‌گرنه‌ به‌ر بۆ گه‌يشتن به‌حوكم و ده‌سه‌لات. به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر ئه‌مه‌ هه‌ندێ كه‌سيان كه ‌سه‌ركرده‌شيانه‌ ديارده‌ى شه‌ريك بۆ خوا دانان ده‌بينێت و ده‌بيستێت ئينكاریشی لێ ناكات، له‌ مه‌جلیسی ئه‌ودا سوجده‌و کڕنوش بۆ شێخێك ده‌بريت و هاواری ده‌کرێتێ، ئه‌ویش ده‌سخۆشیان لێ ده‌کات!!! وه‌ ئه‌مه‌ش به‌ تۆمارکراوی ڤیدێۆیی هه‌یه‌ ، وه‌ ئه‌مه‌ش لینکه‌که‌یه‌تی:

http://www.youtube.com/watch%3Fv%3DKROtYIRk3So

ئه‌مه‌ ئاشکراترین به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌وان‌ زۆر گرنگى ناده‌ن به‌وه‌ى ته‌نها خوا بپه‌رسترێت و خه‌ڵك له ‌ديارده‌ى شيرك دوربكه‌وێته‌وه‌، گرنگى ئه‌وان زياتر به‌وه‌يه‌ چۆن بگه‌نه‌ ده‌سه‌لات وه‌ چۆن ده‌ست بگرن به‌سه‌ر حوكمدا .
سه‌له‌فيه‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ته‌نها مه‌به‌ستيان ئه‌وه‌يه‌ خوا بپه‌رسترێت هه‌رچى وه‌سيله‌يه‌ك له ‌شه‌رعدا هاتوه‌ وه‌ك: ووتار، ده‌رس، ئامۆژگاری، کتێب، ڕۆژنامه‌، گۆڤار ، ڕادیۆ، ته‌له‌فزیۆن، ئنيته‌رنێت... هتد ده‌گرنه‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى تێبگه‌ن و دور بكه‌ونه‌وه‌ له ‌شه‌ریك بۆ خوا دانان، به‌ڵام هیچ وه‌سیله‌و ڕێگایه‌کی بێ شه‌رعی ناگرنه‌ به‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌.
به‌ڵام ته‌ماشا ده‌كه‌ين حزبه‌ ئيسلاميه‌كان كۆمه‌ڵێك وه‌سائيل و ڕێبازيان هه‌يه‌ كه‌ ده‌يگرنه‌ به‌ر بۆ گه‌يشتن به ‌ئامانجه‌كانيان، که‌ هه‌ندێ‌ له‌و وه‌سيلانه‌ له ‌ديندا حه‌رامن‌ به‌ڵام حزبه‌ ئيسلاميه‌كان ده‌يكه‌ن، وه‌ك:
یه‌كه‌م: زێده‌ ڕه‌وی كردن له‌ به‌كافر داناندا به‌ شێوه‌یه‌كى وه‌ها كه‌ هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌ك حوكم به‌ قورئان نه‌كات ئه‌وه‌ یه‌كسه‌ر كافره‌ لای زۆرێكیان بێ ئه‌وه‌ى ته‌فسیلیشی پێ بده‌ن كه‌ ئایا حوكم پێ نه‌كردنه‌كه‌ى له‌ باوه‌ڕ پێى نه‌بونه‌وه‌یه‌ یان له‌به‌ر هۆیه‌كى تر كه‌ ته‌نها پێى زاڵم یان فاسق ده‌بێت نه‌ك كافر.
دووه‌م: نیشاندانى ئافره‌تانى سه‌روسینگ ڕوتیش به‌ ناوى زنجیره‌ دۆبلاژ كراوى توركى و ئێرانى و... له‌ كه‌ناڵه‌ ئیسلامیه‌كاندا
سێهه‌م: لاسایى كردنه‌وه‌ى ڕۆژئاوا له‌ ئاهه‌نگ و بۆنه‌كان وئاهه‌نگ گێڕان به‌ هۆى سه‌رى ساڵ و له‌ دایك بوون ودامه‌زراندنى حیزب . وە خۆپیشاندان و مانگرتن.
چواره‌م: تيكه‌ڵاوكردنى ژن و پياو.
پێنجه‌م: لاسایى كردنه‌وه‌ى ئیسلامیه‌كان بۆ ڕۆژئاواییه‌كان له‌ جل وبه‌رگدا، وه‌ فه‌تواى له‌به‌ركردنى پانتۆڵ بۆ ئافره‌تان به‌ مه‌رجێ له‌چكه‌ى له‌سه‌ر بێت. وه پۆشاكى ئافره‌تان سه‌رده‌میانه‌یه‌، نه‌ك شه‌رعیانه‌ ‌.
شه‌شه‌م: پێش خستنى عه‌قڵ له‌ سه‌ر ده‌قه‌كانى قورئان وفه‌رموده‌، وه‌لێكدانه‌وه‌ى ده‌قه‌كان به‌ گوێره‌ى تێگه‌یشتنى سه‌رده‌میانه‌ى خۆیان، نه‌ك به‌ گوێره‌ى تێگه‌شتنى زانایانى ئه‌هلى سوننه‌ت.
حه‌وته‌م: پارچه‌ پارچه‌ كردنى موسڵمانان به‌ ناوى حزبایه‌تى بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌نه‌ ده‌سه‌لات.
هه‌شته‌م: گرنگ نیه‌ ئه‌ندامى حزب هاوار بكاته‌ شێخ ومه‌شایه‌خ یان هاوار بكاته‌ خوا، له‌سه‌ر بیدعه‌ بڕوات یان له‌سه‌ر سوننه‌ت، ئه‌شعه‌رى بێت یان ماتوریدى، نه‌قشه‌ به‌ندى بێت یان قادرى، سۆفى بێت یان ده‌روێش، موعته‌زیلى بێت یان موڕجیئه‌، ته‌كفیرى بێت یان نا، هه‌موو ئه‌وانه‌ جێگایان ده‌بێته‌وه‌ له‌ ناو بازنه‌ى حزبه‌ ئیسلامیه‌كاندا، چونكه‌ به‌شێك له‌ بنه‌ماى (الغایه‌ تبرر الوسیله‌) یان تێدایه‌، وه‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م حزبه‌ دابن وده‌نگى بۆ بده‌ن وسه‌رى بخه‌ن، جاگرنگ نیه‌ كه‌وتبنه‌ ناو زۆنگاوى شیرك وبیدعه‌وه‌ یان نا!!
نۆیه‌م: وازهێنانی هه‌ندێ له‌ ئیسلامیه‌كان له‌ داوای حوكى خوا ، وه‌ ڕازی بونیان به‌ حوكمی دیمۆكراسی ئه‌وروپی، وه‌ بانگه‌شه‌ كردن بۆ دیموكراسیه‌ت وفره‌ حیزبێتى وهه‌ڵبژاردن و... هه‌روه‌ك دكتۆر عیسام عریان ئه‌ندامی مه‌كته‌بی ئیرشادی ئیخوان المسلمین له‌ ڕاگه‌یاندنێكیدا وتی: ((ئێمه‌ خوازیاری حوكمێكی ئیسلامی نین!!، به‌ڵكو سیسته‌مێكی دیموكراتی په‌رله‌مانی هاوشێوه‌ى ئه‌وروپامان ده‌وێت))!!!.
تێبینی: ده‌قی ئه‌م نوسراوه‌ له‌ شریتی سه‌ر شاشه‌ى كه‌ناڵی ئاسمانی سپێده‌ نوسرابوو، وه‌ ئێستاش به‌ تۆماركراوی هه‌یه‌!!.
ده‌یه‌م: حزبیه‌كان له‌ چه‌ندان بابه‌تدا ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ده‌قه‌ شه‌رعیه‌كان، به‌ڵكو ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ فه‌تواى ئه‌میرو ڕابه‌ره‌كان، وه‌ بڕیارى ئه‌وان ده‌خرێته‌ پێش لێك دانه‌وه‌ى زانایانى سه‌له‌ف، زۆر جار زۆر له‌ ئیسلامیه‌كان وا ده‌زانن كه‌ ئه‌وان بونه‌ته‌ سه‌ددێك وبه‌رهه‌ڵستى له‌ عه‌لمانیه‌ت ده‌كه‌ن، به‌ڵام خۆشیان نازانن كه‌ له‌ جیاتى ئه‌وه‌ى سه‌دێكى به‌ربه‌ست بن، بونه‌ته‌ جسرو پردێك عه‌لمانیه‌تیان به‌سه‌ردا په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ بۆ ناو موسوسڵمانان، چونكه‌ خه‌ڵكى جاران مۆسیقایان به‌ حه‌ڵاڵ نه‌ده‌زانى تاوه‌كو ئیسلامیه‌كان بۆیان حه‌ڵاڵ نه‌كردن، وه‌ كه‌ حه‌ڵاڵ كرا ئه‌و كاته‌ بۆ ده‌بێت مۆسیقاى ئیسلامیه‌كان حه‌ڵاڵ بێت، به‌ڵام مۆسیقاى عه‌لمانیه‌كان حه‌ڕام بێت؟! كه‌واته‌: ئه‌وان خه‌ڵكیان ڕاكێشا بۆ عه‌لمانیه‌ت له‌م بابه‌ته‌، وه‌ هه‌روه‌ها خه‌ڵكى حزبایه‌تیان پێ باش نه‌بوو! به‌ڵام ئیسلامیه‌كان فره‌ حزبێتیان حه‌ڵاڵ كرد!! كه‌وابوو خه‌ڵكى ده‌ڵێن: كه‌ هه‌ر حزبایه‌تى بكه‌ین ئه‌وه‌ با له‌گه‌ڵ حزبێك بین كه‌ كارو بارى وڵاتى به‌ ده‌سته‌ نه‌ك حزبێكى بێ ده‌سه‌ڵاتى كۆڵه‌وار كه‌ هیچى به‌ ده‌ست نیه‌.
وه‌ هه‌روه‌ها زۆرێك له‌ ئیسلامیه‌كان به‌ عه‌مه‌لی ڕیش تاشینیان حه‌ڵاڵ كرد بۆ خه‌ڵكى، وه‌ هه‌ر ئه‌وانن دیفاع له‌ زۆرێك له‌ بیدعه‌ ده‌كه‌ن!!
كه‌واته‌ ئه‌وانیش به‌ناوی ئاسانكاری و خۆ گونجاندن و مۆدێرن و نوێكاری و به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌وه‌ به‌شێكی عه‌لمانیه‌تیان تێدایه‌و، بونه‌ته‌ هۆكاری بڵاوبونه‌وه‌یشی.

چركه‌: جیاوازی چییه‌ له‌ نێوان سسه‌له‌فیه‌ت و مه‌زهه‌بیه‌ت؟
د. عبداللطیف ئه‌حمه‌د: مه‌زهه‌بیه‌ت پابه‌ندبونه‌ به‌ ڕاو بۆچونى زانایه‌كى - بۆ نمونه‌- وه‌ك ئیمام ئه‌بو حه‌نیفه‌ وه‌ زۆربه‌ى حه‌نه‌فی مه‌زهه‌به‌كان وته‌ى سه‌رمه‌زهه‌ب ده‌خه‌نه‌ پێش وته‌ى خواو پێغه‌مبه‌ریش له‌ واقیعدا وه‌ به‌ زمانى حاڵیان هه‌رچه‌نده‌ به‌ زمانى ده‌میشیان وانه‌ڵێن!!
وه‌ كه‌ حه‌دیسێكی‌ ڕاست پێچه‌وانه‌ى ڕاى مه‌زهه‌ب بێت ئه‌وه‌ حه‌دیسه‌كه‌ قه‌بوڵ ناكه‌ن!
به‌ڵام سه‌له‌فیه‌ت پابه‌ندبون نى یه‌ به‌ ڕاو بۆچونى تاكه‌ زانایه‌ك به‌ڵكو پابه‌ندبونه‌ به‌ ڕاو بۆچون و تێگه‌یشتنى پێشینه‌ى چاكی ئه‌م ئوممه‌ته‌ كه‌ پێغه‌مبه‌رو هاوه‌ڵه‌ به‌ڕێزه‌كانى و كۆمه‌ڵى زانایانى ئه‌هلی سوننه‌تن، وه‌ سه‌له‌فیه‌ت وته‌ى خواو پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ى ده‌خاته‌ پێش وته‌ى گه‌وره‌ترین زاناش. وه‌ حه‌ق وه‌رده‌گرن له‌ هه‌ركه‌سێكه‌وه‌ بێت وڕه‌تى ناكه‌نه‌وه‌ به‌ بیانوى لا مه‌زهه‌بیه‌ت.

چركه‌: چ وڵاتێك هاوكارى سه‌له‌فيه‌كان ده‌كات به‌تايبه‌ت باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌سه‌له‌فيه‌كان له‌لايه‌ن ولاتى سعودياوه‌ هاوكارى ده‌كرێن، ئيوه‌ چ بۆچونيكتان له‌م باره‌يه‌وه‌ هه‌يه‌؟
د. عبداللطیف ئه‌حمه‌د: هه‌ركه‌سێك قسه‌يه‌ك بكات و به‌ڵگه‌ى پێ نه‌بێت، نابێت لێى وه‌ربگيرێت ئه‌مرۆش وامان لێهاتوه‌ قسه‌ هه‌ڵبه‌ستن و بوختان بۆيه‌كتر كردن زۆر ئاسایيه‌ لای ئه‌وه‌ی که‌ له ‌خوانه‌ترسێت، ئه‌و كه‌سه‌ي كه‌ده‌ڵێت سه‌له‌فيه‌كان په‌يوه‌نديان به‌ حزبێكه‌وه‌ هه‌يه‌، يان په‌يوه‌نديان به‌وڵاتێكه‌وه‌ هه‌يه‌ جا سعوديه‌ بێت يان غه‌يری‌ سعوديه‌ بابه‌ڵگه‌يه‌كمان بۆ بێنێت ، سه‌له‌فيه‌كانى كوردستان په‌یوه‌ندی‌يه‌كى سياسي و په‌یوه‌ندی‌يه‌كى ته‌نزيميان نه‌ به ‌حكومه‌تى سعوديه‌وه‌ هه‌يه‌ ، نه ‌به‌هيچ شوێنێكى تر ، كه گوايه‌ سه‌له‌فيه‌كان له‌ سعوديه‌وه‌ پاره‌يان بۆدێت، جا بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك نه‌ڵێن درۆ ده‌كات با يه‌ك به‌ڵگه‌مان بۆ بێنن و كه‌شفى بكه‌ن ، ئه‌و كه‌سه‌ى بوختان بۆ سه‌له‌فيه‌كان ده‌كات كه ‌پاره‌يان له‌ سعوديه‌وه‌ بۆدێـت يان ته‌وجيه له‌سعوديه‌ وه‌رده‌گرن بابه‌ڵگه‌كان ئاشكرا بكه‌ن و بڵاوى بكه‌نه‌وه‌. به‌ڵێ له‌وه‌دايه‌ك ده‌گرينه‌وه که‌‌ زۆرێك له‌ زانايانى سعودى سه‌له‌فين و ئێمه‌ش سه‌له‌فين وه ‌مه‌نهه‌جمان له‌گه‌ڵ زاناكان يه‌كه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ ماناى ئه‌وه‌ ني يه‌ که‌ په‌يوه‌نديمان هه‌بێ به ‌حكومه‌تى سعودي نه‌خێر ئه‌وه‌ دوو شتى له ‌يه‌كتر جياوازن"

چركه‌: زۆرجار حزبه‌ ئيسلاميه‌كان سه‌له‌فيه‌كان به ‌پياوى ده‌سه‌لات له‌قه‌له‌م ده‌ده‌ن، ئايه‌ ئه‌وه‌ نزيكى ئيوه‌يه‌ له‌ هه‌ردوو حزبي ده‌سه‌لاتدار يان هۆى تر له ‌پشت ئه‌و شته‌وه‌يه‌؟
د. عبداللطیف ئه‌حمه‌د: راگه‌ياندنى سياسي زۆرجار رۆڵێكى ترسناك ده‌بينێت ، راگه‌ياندنی‌ حزبه‌ سياسيه‌كانى خۆمان به‌تايبه‌تيش ئيسلاميه‌كان و بگره‌ عه‌لمانيه‌كانيش به‌شيوه‌يه‌كى وا سه‌له‌فيه‌ت له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و نيشانی خه‌ڵكى ده‌ده‌ن كه ‌شتێكى زۆر خه‌ته‌ر و ترسناك و خراپه‌، وه‌ راگه‌ياندنى حزبه‌ ئيسلاميه‌كان پروپاگه‌نده‌ى واده‌كه‌ن و واباسي سه‌له‌فيه‌ت ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى شوێن كه‌وته‌كانى خۆيان به ‌هيچ شێوه‌يه‌ك رۆژيك له ‌رۆژان گوێ نه‌گرن له ‌مامۆستايه‌كى سه‌له‌فى ، که‌سانێکی حزبه‌ ئيسلاميه‌كان ده‌ڵێن: سه‌له‌فيه‌كان به‌كرێگيراون ، پياوى يه‌كێتى و پارتين، ئه‌و جۆره‌ قسانه‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى لايه‌نگرانى خۆيان و تێكراى كۆمه‌ڵگا به‌ چاوێكى خراپ سه‌يرى سه‌له‌فيه‌كان بكه‌ن و قسه‌يان لێ قه‌بوڵ نه‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و جۆره‌ ئيسلاميانه‌ به‌ربه‌ستێك دابنێن له ‌به‌ينى خه‌لكى خۆيان خه‌ڵكى تريشدا و له‌به‌ينى سه‌له‌فيه‌كان ، دێن بوهتان بۆ سه‌له‌فيه‌كان ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن سه‌له‌فيه‌كان عه‌لمانين ، ئيمه‌ ده‌ڵێین :
[ئه‌وانه‌ى به‌سه‌له‌فيه‌كان ده‌ڵێین پياوى ده‌سه‌ڵات ئه‌وان خۆیانن لەگەڵ عه‌لمانيه‌كان داده‌نيشن و هاوپه‌يمانى دروست ده‌كه‌ن ، رۆژێك له‌گه‌ڵ حسك، رۆژێك له‌گه‌ڵ زه‌حمه‌تكێش، رۆژێك له‌گه‌ڵ يه‌كيتى و رۆژێك له‌گه‌ڵ پارتى، رۆژێك له‌گه‌ڵ جيهه‌تى خواره‌وه‌ى عيراق، بۆ ئه‌وان هيچ شت موشكیله‌ ني يه‌، به‌ڵام سه‌له‌في كه‌ هيچيشى نه‌كردوه‌ تۆمه‌ت بارى ده‌كه‌ن!ئه‌وه‌ مه‌به‌ستى خۆیانی تيدايه‌، بۆ ئه‌وه‌ى لاى خه‌لكى سه‌له‌فيه‌كان ناشيرن بكه‌ن"]
بێگومان ئه‌م بوهتانه‌ش که‌ ده‌ڵێن: ئێوه‌ى سه‌له‌فی په‌یوه‌ندیتان پته‌وه‌ له‌گه‌ڵ عه‌لمانیه‌كان ئه‌ڵقه‌یه‌كى تره‌ له ‌زنجیره‌ بوهتان و شوبهه‌و چه‌واشه‌كاریه‌كانى هه‌ندێ له‌ حزبیه‌كان، وه‌ واقیع شاهیده‌ كه ‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌م قسه‌یه‌ ڕاسته‌و ئه‌مه‌ش به‌چه‌نده‌ها به‌ڵگه‌:_
1. كێیه‌ مانگانه‌ زیاتر له‌بیست ده‌فته‌ر دۆلار وه‌رده‌گرێت له‌ حكومه‌تى هه‌رێم سه‌له‌فیه‌كانن یان حزبیه‌كان؟!!
2. كێ یه‌ زه‌وى و زارى پێ ده‌درێت وه‌كو حزب سه‌له‌فیه‌كانن یان حزبیه‌كان؟!!
3. كێ یه‌ مۆڵه‌تى ڕاگه‌یاندنی ڕادیۆو ته‌له‌فزیۆن و كه‌ناڵى ئاسمانى پێ ده‌درێت سه‌له‌فیه‌كانن یان حزبیه‌كان؟!!
4. كێ یه‌ زوو زوو به‌سه‌ركرده‌كانى پارتى و یه‌كێتى ده‌گه‌ن و به‌یه‌كه‌وه‌ داده‌نیشن و ده‌عوه‌ت ده‌كرێن و پێ ده‌كه‌نن و قسه‌ى خۆش له‌گه‌ڵ یه‌كترى ده‌كه‌ن و مه‌دحى سه‌ركرده‌كان ده‌كه‌ن سه‌له‌فیه‌كانن یان حزبیه‌كان؟!!
5. كێ یه‌ به‌شێكى دیاریكراوى هه‌یه‌ له‌ته‌عین كردن و دامه‌زراندنى شوێنكه‌وتووه‌كانیان سه‌له‌فیه‌كانن یان حزبیه‌كان؟!!
6. كێ یه‌ ڕێگه‌ی پێ دراوه‌ قوتابخانه‌‌ى تایبه‌تى خۆیان هه‌بێت وه‌ك له‌ چه‌مچه‌ماڵ و هه‌ولێر؟!.
وه‌هه‌روه‌رها ڕێگه‌ دراوه‌ خوێندنگاى سۆفی گه‌ڕێتى گه‌وره‌ هه‌بن له‌چه‌ند شوێنێكى ولات به‌لام سه‌له‌فی ئه‌م مافه‌یان پێ نه‌دراوه‌،
وه‌ موئته‌مه‌رى ته‌سه‌وفی جیهانى به‌ئاشكرا ده‌به‌سترێ له‌شارى سلێمانى!!
7. حزبیه‌كان زۆربه‌ى مزگه‌وته‌كانى هه‌رێمیان گرتۆته‌ ژێر ڕكێفی خۆیان و ئیمامه‌ت و وتاریان به‌ده‌سته‌ به‌لام سه‌له‌فیه‌كان له ‌هه‌موو حه‌وزى بیتوێن و پشده‌ر و كۆیه‌... ته‌نها به‌ڕه‌سمى یه‌ك وتاربێژیان هه‌بوو له‌ چوارقوڕنه‌ كه ‌من بووم، كه‌چى من مه‌نع كرام له ‌لایه‌ن حزب و ئاسایشه‌وه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ حزبیه‌كان مزگه‌وته‌كانى خۆیانیان هه‌ر له‌به‌ر ده‌سته‌!!!
وه‌ئه‌مه‌ش چواره‌مین جاره‌ كه‌ له‌وتار لاده‌برێم به‌بێ بوونى هۆیه‌كى قانوونى یاخود ئه‌منی!!
بێ ئه‌وه‌ى جنێومان به‌ حكومه‌ت دابێت، یان كه‌سێكمان كافركردبێت، وه‌ یان خه‌ڵكمان هان دابێت بۆ ئاژاوه‌ و خوێنڕێژى!!!
بەڵام سه‌دان وتاربێژى حزبى له‌كوردستاندا وتاریان هه‌یه‌ وه‌كه‌ جارجار یه‌كێكیشیان لاببرێ بۆماوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ له‌به‌ر جنێوه‌كانیه‌تى كه‌ له‌ سه‌ر مینبه‌ر ده‌یڵێت به‌ حكومه‌ت و كاربه‌ده‌ستان، كه ‌له‌ شه‌رعدا ئه‌مه‌ به‌ ئازایه‌تى و ئیمان به‌رزیه‌تی داناندرێت به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌ى شه‌رع داده‌نرێت!! چونكه‌ ئه‌مه‌ ئامۆژگارى ده‌سه‌لاتدار نییه‌ به‌ڵکو‌ ته‌شهیر پێكردنه‌ له‌سه‌ر مینبه‌ر!!
كه‌وابوو قسه‌ى حزبیه‌كان ڕاست ده‌رنه‌چوو كه‌ سه‌له‌فیه‌كان ئازادتربن له‌ حزبیه‌كان، به‌ڵكو ئه‌مه‌ ته‌نها چه‌واشه‌كارییه‌ بۆ ناشیرین كردنى سه‌له‌فیه‌كان.

چركه‌: ئيوه‌ حزبايه‌تى به‌شتيكى هه‌لبه‌ستراو ده‌زانن ئه‌ى ئه‌و هه‌موو حزبانه‌ى به‌ناوى ئيسلاميه‌وه‌ هه‌ن له‌كوردستان بۆچى دروست بوون؟
د. عبداللطیف ئه‌حمه‌د: له‌كوردستان يان له‌غيرى كوردستان ئيمه‌ داوامان له‌مسولمانان ئه‌وه‌يه‌ هه‌مويان براى يه‌كتر بن، يه‌ك خوامان هه‌يه‌ يه‌ك كتابمان هه‌يه‌ يه‌ك پێغه‌مبه‌رمان هه‌يه،‌ که‌واته‌ ده‌بێ براى يه‌كتر بين و ته‌نها یه‌ك کۆمه‌ڵ بین وه‌ك خوای گه‌وره‌ فه‌رمویه‌تی: [وَإِنَّ هَذِهِ أُمَّتُكُمْ أُمَّةً وَاحِدَةً وَأَنَا رَبُّكُمْ فَاتَّقُونِ (52) فَتَقَطَّعُوا أَمْرَهُمْ بَيْنَهُمْ زُبُرًا كُلُّ حِزْبٍ بِمَا لَدَيْهِمْ فَرِحُونَ (53) [المؤمنون/52، 53]] ، واته‌ له‌باتی یه‌كگرتن و یه‌كڕیزبوون له‌ناو خۆیاندا، كارو فه‌رمانی ئایینه‌كه‌یان بچڕ بچڕ كرد و بوونه‌ چه‌ند گروپ و حزبێك‌، که‌ هه‌ر حزبه‌ش ڕێگاو ڕێبازێكی بۆ خۆی هه‌ڵبژاردو به‌و به‌رنامه‌یه‌ی لای خۆیانه‌ خۆشحاڵ و دڵخۆشن، که‌واته‌ نابێ هه‌ر سێ سێ و چوار چوار هه‌ستين حزبێك دروست بكه‌ين.
بۆچى ئێمه‌ى سه‌له‌فى حزب دروست ناكه‌ين هه‌رچه‌نده‌ زۆریشین و له‌ هه‌مو عێڕاقیشدا هه‌ین، وه‌ گه‌ر بشبین به‌ حزب ئه‌وه‌ بواری ماددیشمان باش ده‌بێت و ئێمه‌ش وه‌ك گشت حزبه‌کانی تر بودجه‌ی خۆمانمان ده‌بێت؟! نابین به‌ حزب چونكه‌ به‌به‌ڵگه‌ى قورئان و فه‌رموده‌ حزبايه‌تى دروست ني يه‌، به‌كارێكى په‌سه‌ند داناندرێت، فه‌شه‌ل و زه‌ليلى به‌دواوه‌يه‌، وه‌ هه‌روه‌ها چونكه‌ حزبايه‌تى نه‌خۆشي يه‌ بۆ ئه‌و ميلله‌ته‌ نه‌ك چاره‌سه‌ر، وه‌ ئه‌گه‌ر حزبێكى ئيسلامى ته‌نها له ‌سێ شارى هه‌رێمى كوردستاندا هه‌بێت ، ئه‌وه‌ سه‌له‌فيه‌كان له ‌هه‌موو جیهاندا هه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حزبايه‌تى ناكه‌ن، چونكه‌ ئێمه‌ نامانه‌وێت نه‌خۆشى پارچه‌ پارچه‌یی گه‌له‌كه‌مان زياد بكه‌ين، به‌ڵکو ده‌مانه‌وێت چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى ميلله‌تى خۆمان بكه‌ين به‌و ئیسلامه‌ی که‌ پێغه‌مبه‌رو هاوه‌ڵانی له‌سه‌ری بوون، وه‌ هه‌وڵى ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ گه‌له‌كه‌مان به‌خته‌وه‌ربن به‌ ته‌نها خواپه‌رستى و ده‌ستگرتنیان به‌ ئاداب و ڕه‌وشت و سوننه‌تى پێغه‌مبه‌ر ، وه‌ ئاواتمان ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵكى له‌ نه‌فامی و خوڕافه‌ت و شه‌هوه‌تبازى ڕزگاربكه‌ین بۆ ڕوناكى ئیسلام، وه‌ خه‌ڵكى نه‌چنه‌ دۆزه‌خ و به‌ به‌هه‌شت شاد بن ئه‌وه‌ ئاواتى ئێمه‌یه‌و هه‌وڵیشى بۆ ده‌ده‌ین، نه‌ك هه‌وڵمان بۆ ئه‌وه‌ بێت خه‌ڵكى زۆرمان له‌گه‌ڵ بێت و ده‌نگمان بۆ بده‌ن و كورسى زۆرى په‌رله‌مان و بودجه‌ى به‌رزو پاروى چه‌ورو مه‌نسه‌بى به‌رزمان ده‌ست كه‌وێت.
به‌ كورتى ده‌مانه‌وێت خزمه‌تى خه‌ڵكى بكه‌ین نه‌ك بیانكه‌ینه‌ خزمه‌تكارو قوربانى خۆمان.

بابەتەکانی تر