ئاهەنگ و یادی مەولودی پێغەمبەر بیدعەیە نەك زادەی قورئانی پیرۆزو فەرموودەكانی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم
بەروار: 2012/01/28سەردارن: 4216نوسەر: ڕەوەند عبدالله

الحمد لله وحدة ، و الصلاة والسلام على من لا نبي بعده ....
ئەی ئەوانەی كە بە ناوی چاكەكاری و خێر كردنەوە ، غەرقی تاوانێكن پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم لە هەموو وتارەكانیدا باسی كردوە و فەرموویەتی : ((كل بدعة ضلالة وكل ضلالة في النار)) . واتە : هەموو بیدعەیەك گومڕایی یە ، و هەموو گومڕایی یەكیش خاوەنەكەی لە ئاگری دۆزەخدایە . ئەی ئەو كەسانەی كە بەبێ‌ تێفكرین گوێڕایەڵی كەسانێكن بەناوی ئاینەوە توشی تاوانی گەورەتان دەكەن ، ئەویش بیدعەی ( یادی لەدایك بوونی پێغەمبەرە صلى الله علیه وسلم ) وەك دەبینرێت لەم ڕۆژەدا موسڵمانان لە مزگەوتەكاندا بۆ ئەم یادە كۆدەبنەوە ، ئەمە جگە لەو هەموو تاوان و هاوەڵ بڕیاردان و زیادەڕەویانەی كە لە ستایش كردنی پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم ئەنجام ئەدرێت . ڕەنگە بڵێیت : كارێكی وەها پڕ لەخێر و چاكە كە چەندین خێری تێدا دەكرێت بۆچی بیدعە بێت ؟! خۆ ئەمە عیبادەت نی یە !!
بێ ئاگا لەوەی كە ئەو یادكردنەوە و بەرز ڕاگرتنەی یادی پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم ، خۆی لە خۆیدا عیبادەتە چونكە وەكو وەسیلەیەك لەبەر ڕەزامەندی خوا و لێ‌ نزیك بوونەوەی ئەنجام دەدرێت !!! و ئەنجام دەرانی چاوەڕێی پاداشتن !!! لە كاتێكدا نە خوای گەورە فەرمانی پێكردووە ، و نە پێغەمبەرەكەیشی صلى الله علیه وسلم ، چونكە ئەم كارە بیدعەیە و هەموو بیدعەیەكیش وێڵی و سەرگەردانی و گومڕایی یە .
بۆیە برای موسڵمان : كە كارێك ئەنجام نادەیت خوا لێت ڕازی بێت ، بۆ كارێكی وا ئەنجام ئەدەی خوای پەروەردگار لێت توڕە ببێت .
ڕەنگە زۆرینەی خەڵك بڵێن : فڵانە مامۆستا فەتوای داوە بەئەنجامدانی ئەم یادە !!! لێرەدا وەك شوێنكەوتەی قورئانی پیرۆز ، و سوننەت ، پێویست دەكات ڕوبكەینە ئەوكەسانەی كە ئەلێن ئەم یادە ڕەوایە ، و پێیان بڵێین : ئایا هیچ بەڵگەیەكتان لە قورئان و فەرموودە پێ‌ یە ؟
ئایا ووتەی هیچ زانایەكی ئاینی شارەزاتان لەو بارەیەوە پێ‌ یە ؟
گەر پێتان نیە ڕاستی و ڕەوایی ئەم یادە چۆن و بە چی دەسەلمێنن ؟
تا منیش پێتان بڵێم كارەكەتان داهێنراوە و (بدعە) یە و پێغەمبەری خوایش صلى الله علیه وسلم لەبارەی بیدعەوە فەرمویەتی : ((من أحدث في أمرنا هذا ما ليس منه فهو رد)) . واتە : هەر كەسێك شتێك دابهێنێت لەم ئاینەی ئێمەدا نەبێت ، ئەوا بەڕووی خاوەنەكەیدا رەت دەكرێتەوە .
بۆیە برای ئازیز : بەرلەوەی بەشداری لەم بیدعەیە بكەیت ئەوا بزانە خوای پەروەردگار و پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم چیمان پێدەفەرموون :
خوای پەروەردگار ئەفەرموێت: [ فَلْيَحْذَرِ الَّذِينَ يُخَالِفُونَ عَنْ أَمْرِهِ أَن تُصِيبَهُمْ فِتْنَةٌ أَوْ يُصِيبَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ] ( سورة النــور : 63 ) واتە : با بترسن ئەوانەی كە پێچەوانەی فەرمانی دەبنەوە ، لەوەی كە تووشی فیتنە بن یان تووشی سزایەكی تووند بن .پێغەمبەری خوایش صلى الله علیه وسلم فەرموویەتی : ((من عمل عملا ليس عليه أمرنا فهو ردّ )). واتە : هەر كەسێك كردەوەیەك بكات فەرمانی ئەم ئاینەی ئێمەی لە سەر نەبێت ، ئەوا بەڕووی خاوەنەكەیدا رەت دەكرێتەوە .
جا با بزانین خوای پەروەردگار ، و پێغەمبەرەكەی  صلى الله علیه وسلم سەبارەت بەم جۆرە یادە چیمان پێ دەڵێن ؟
وەك لەپێشدا ووترا : ئەو كەسانەی دان بەبوونی ئەم یادەدا ئەنێن و بە كارێكی شەرعی و باشی دەزانن هیچ بەڵگەیەكیان پێ‌ نیە لە قسەی زمانی خۆیان زیاتر !!! بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوانەی كە دەڵێین : بیدعەیە چەندان بەڵگەی سەلمێنەریان پێ‌ یە لە قورئانی پیرۆز و سوننەت سەبارەت بەوەی كەئەم كارە بیدعەیە .
بەڵگەكان
1/ خوای پەروەردگار فەرمویەتی :[ الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الإِسْلاَمَ دِينًا ] ( سورة المائدة : 3 )  واتە : ئەمڕۆ ئاینەكەتانم تەواو بۆ كامڵا كردوون ، ونیعمەتی خۆیشم بە تەواوی بە سەرتاندا ڕشت ، و ڕازی بووم بەوەی كە ئیسلام ئاینتان بێت .
بەپێی ئەم ئایەتە بێت دینی خوا كامڵە و پێویستی بە داهێنان نی یە ، بەڵام بەگوێرەی قسەی ئەو كەسانە بێت كەئەم یادە بەباش دەزانن ، ئاین كەمووكوڕی تێدایە و ئەوان هاتوون كامڵی بكەن !!!
2/ ئەنجامدەرانی ئەم یادە ، وەك وەسیلەیەك بۆ نزیك بوونەوە لە خوای پەروەردگار بەكاری دێنن ، وەسیلەش بۆ نزیك بوونەوە لە پەروەردگار بە عیبادەت دەژمێردرێت ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : [ أَلَا لِلَّهِ الدِّينُ الْخَالِصُ وَالَّذِينَ اتَّخَذُوا مِن دُونِهِ أَوْلِيَاء مَا نَعْبُدُهُمْ إِلَّا لِيُقَرِّبُونَا إِلَى اللَّهِ زُلْفَى ] (سورة الزمر : 3).
3/ لەم یادەدا زیادەڕەویەكی زۆر دەكرێت لە ستایش كردنی پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم لە كاتێكدا خۆی نەهی لێكردوە ، وەك ئەفەرموێت ((و لا تطروني كما أطرت النصارى عيسى بن مريم " ( الإطراء ))) واتە : زیادەڕەوی كردن لە ستایش دا . لە نموونەی ئەو زیادە ڕەوییانەش لە وەسفی پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم دا ئەڵێن : (إنَّ مِن جودِكَ الدنيا وَضَرَّتها !!  ومِن علومكَ عِلم اللوحِ وَالقَلَمِ !!)
واتە: دونیا و قیامەتیش لەو كەرەمانەن كە تۆ پێمانت بەخشیوون ، وە لە زانینەكانیشت زانینی لەوحی مەحفوز !!! . زانینی ئەو پێنووسەیە كە هەموو شتێك سەبارەت بە دونیا و دوارۆژیش دەنووسێت !!!
جا موسڵمانی خوا ناس ئەم وەسفانە وەسفی خوای پەروەردگارە ، یان وەسفی پێغەمبەرەكەی صلى الله علیه وسلم ؟
ئەوەشت لا پەنهان نیە كە خوای پەروەردگار فەرموویەتی : [ قُل لَّا يَعْلَمُ مَن فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ الْغَيْبَ إِلَّا اللَّهُ ] ( سورة النمل : 65 ) ، واتە : هیچ كەسێك لە ئاسمانەكان بێت یان لە زەوی ، لە غەیب و پەنهانیەكان بە ئاگا نیە جگە لە ( الله ) نەبێت .
4/ زیادەڕەوی كردنە لە ئاین ، پێغەمبەری خوایش صلى الله علیه وسلم ئوممەتەكەی لە زیادەڕەوی كردن ئاگادار كردۆتەوە ، هەروەك فەرموویەتی ((ياكم والغلو في الدين)) واتە : ئامان خۆتان بپارێزن لە زیاد ڕەویكردن لە ئاین .
5/ پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم فەرموویەتی : هیچ پێغەمبەرێك لە پێش من نەهاتووە ئیللا پێویست بووە لە سەری ئوممەتەكەی ڕێنموویی بكات بۆ هەموو ئەو چاكانەی كە دەیزانێت بۆیان ، و ئاگاداریشیان بكات لە هەموو ئەو خراپانەی كە دەیزانێت بۆیان .
بۆیە گەر ئەم یادكردنەوەیە بوونێكی ڕاستەقینەی هەبوایە و خێر بوایە ئەوا پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم ئاگەداری دەكردینەوە لێی و پێویستمان بە نەسیحەتی ئەو كەسانەش نەدەبوو كە درۆ بەدەم ئاینی ئیسلامەوە دەكەن .
6/ ئەم یادە نە لە سەردەمی پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم ئەنجام دراوە ، و نە لە سەردەمی خەلیفەكان و نە لە سەردەمی دوای ئەوانیش ، لە كاتێكدا پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم لە بارەیانەوە فەرموویەتی " : باشترینی خەڵك لە ئوممەتەكەم ئەو سەدەیەیە كە من تیایدا ژیاوم ، پاشان ئەوانەی كە بە دوایاندا دێن ، پاشان ئەوانەی كە بە دوایاندا دێن .
كەسانێك بەو شێوەیە ناویان هاتبێت و یەكەم كەسانێك بن لە پەیڕەوكردنی ئاینی ئیسلام و پابەندبوونیان بە سوننەتەكانی پێغەمبەری خواوە صلى الله علیه وسلم ، ئاخۆ بۆچی ئەم یادەیان نەكردوە ؟! خۆ لە ئێمەش زیاتر پێغەمبەری خوایان خۆش ویستوە ؟! وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارەش زۆر ئاسانە ، چونكە ئەوان خۆیان لە بیدعە پاراستوە ، ئەمەش دەیسەلمێنێ‌ كە ئەم كارە بیدعەیە ، و لە ئایندا بونی نیە ، نە لە قورئانی پیرۆز ، و نە لە فەرموودە ڕاستەكانیش . بەڵكو مێژووی داهێنانەكەی وەك ڕۆژی ڕون دیارە ، و دەگەڕێتەوە بۆ سەدەكانی دوای سەدەی چوارەمی كۆچی ، ئەویش لە لایەن ( فاطمي ) یە شیعەكانەوە داهێنراوە ، بۆیە كردەوەیەك نە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم ئەنجامی دابێت و نە فەرمانی پێكردبێت ، ئەوا بیدعەیە هەروەك پێشەوا ( مالك ) فەرموویەتی : ئەوەی كە لەو سەردەمەدا ئاین نەبوبێت ، ئەوا ئەمڕۆ نابێتە ئاین .
7/ باس كردن و بڵاو كردنەوەی فەرموودەی هەڵبەستراو و درۆ بە ناو پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم ، و خوای پەروەردگارەوە لە وتارەكانیاندا وەك :[لولاك ، لولاك ما خلقت الأفلاك " ( حديث موضوع : انظر السلسلة الضعيفة والموضوعة ) ] واتە : ئەگەر لە بەر خاتری تۆ نەبوایە ئەفلاكەكانم درووست نەدەكرد !!! لە كاتێك دا خوای پەروەردگار فەرموویەتی : [ وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ ] ( الذاريات : 56 )   واتە : جنۆكە ومرۆڤیشم لە بەر یەكتا پەرستی خۆم دروست كردوون .
8/ سازكردنی ئەم بۆنەیە ، خۆشوبهاندنە بەكافر وخاچ پەرستان ، چونكە ئەوان هەموو سەرساڵێك یادی لەدایك بوونی پێغەمبەر عیسی ـ علیه السلام ـ دەكەنەوە و لەو ڕۆژەدا چەندەها كاری ناشەرعی ئەنجام ئەدەن . پێغەمبەری خوایش صلى الله علیه وسلم لە خۆ شوبهاندن ئاگاداری كردووینەتەوە لەم فەرموودەیەدا :[من تشبه بقوم فهو منهم ] ، واتە : هەر كەسێك خۆی بشوبهێنێت بە گەڵێك ئەوا ئەویش لەوانە .
9/ بە گوێرەی قسەی بیدعە چی و بیدعە خوازان بێت ، ئەم یادە جەژنە بەڵام بە گوێرەی فەرمودەی پێغەمبەری خوایش بێت صلى الله علیه وسلم ، موسڵمانان تەنها دوو جەژنیان هەیە ئەویش جەژنی ڕەمەزان و قوربانە ، هەروەك پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم فەرموویەتی :((... قد أبدلكم الله بهما خيرا منهما يوم الفطر ويوم الأضحى )).
بۆیە برای ئازیزم : زۆرجار ئەو خەڵكانە كە هیچیان بە دەستەوە نامێنی ئەڵێن : با بیدعەش بێت ئێمە هەر ئەنجامی ئەدین !!! بۆیە بە ناوی(بیدعە حەسنە!!) ەوە خەڵكی فریو ئەدەن ، ئامان سەد ئامان بەو قسە پوچە فریوت نەدەن، چونكە بیدعە هەر بیدعەیە و چاكی تیادا نیە . هەروەك پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم فەرموویەتی : هەموو بیدعەیەك گومڕایی یە ، و هەموو گومڕاییەكیش خاوەنەكەی لە ئاگری دۆزەخدایە .
هەروەها ( عبدالله ) ی كوڕی ( عمر ) رضي الله عنهما فەرموویەتی : هەموو بیدعەیەك گومڕایی یە با خەڵكیش بە باشی بزانن .
هەروەها پێشەوا مالك فەرمویەتی : (هەركەسێك لە ئیسلامدا داهێنراوێك دابهێنێت و بە باشی بزانێت ئەوا ئەو كەسە پێی وایە كە پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم خیانەتی كردوە لە گەیاندنی پەیامەكەی چونكە خوای پەروەردگار ئەفەرموێت : [الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ ] هەر بۆیە ئەوەی كە لەو سەردەمەدا ئاین نەبوبێت ، ئەوا ئەمڕۆ نابێتە ئاین)
برای بەڕێز : سەدان و هەزاران ڕێگە و شێوازی ترمان هەیە بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی ئەو پێغەمبەرە خۆشەویستەمان صلى الله علیه وسلم ، وەك : صەڵاوات دات لە سەری ، بە تایبەت لە ڕۆژانی هەینی ، و دوای بانگەكان ، و لە كاتی ناوهێنانی ئەو نازدارەدا ، یان زیندوكردنەوەی سوننەتەكانی ، و شوێن كەوتنی .
هەروەك زانای پایە بەرزی ئیسلام ( ابن تیمیە) فەرموویەتی: تەواوی خۆشەویستی و بەرز ڕاگرتن بۆ پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم لە شوێن كەوتن و گوێ‌ ڕایەڵی كردنی دایە لەگەڵ جێبەجێ‌ كردنی فرمانەكانی و زیندوو كردنەوەی سوننەتەكانی و بڵاو كردنەوەی ئەوەی پێی هاتوە لە ئاین و تێكۆشان لە پێناویدا بە دڵ و دەست و زمان ، وە ئەمەیە ڕێگای پێشینە یەكەمەكان لە كۆچ بەران و پشتیوانان و ئەوانەی بێ‌ چاكە شوێنیان كەوتوون )
بۆیە برای موسڵمان ئەمانە هەموو بەڵگە بوون سەبارەت بە سەڵماندنی ئەوەی كە ئەم كردار و یاد و بۆنەیە بیدعەیە و هیچ بنەوایەكی لە ئاینی ئیسلامی پیرۆزدا نیە ، دەبا ئەوانەش كە ئەم یادە بە شەرعی دەزانن ، گەر ڕاست دەكەن با بە تەنها بەڵگەیەكی قورئانی پیرۆز یان سوننەت وتەكەیان بسەلمێنن ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : [ قُلْ هَاتُواْ بُرْهَانَكُمْ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ ] (سورة البقرة : 111).
كۆتایی ووتەشمان وتەی دوو هاوەڵی بەڕێز دەبێت ، (عبدالله) ی كوڕی (مسعود) رضي الله عنه فەرموویەتی : " شوێنی سوننەتی پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم بكەون ، و شت دامەهێنن ( واتە : بیدعە مەكەن ) ، چونكە سوننەت بەستانە ، و هەموو شتێكی داهێنراویش بیدعەیە "
وە فەرموویەتی : " بە گوێرەی توانای خۆت پەرستن بكەیت ، بەڵام لە سەر سوننەت بیت ، باشترە لەوەی كە هەوڵێكی زۆر بدەیت لە بیدعەدا "
هەروەها حُذَيفة بن اليمان رضي الله عنه فەرموویەتی : هەر جۆرە عیبادەت و پەرستنێك هاوەڵانی محمد صلى الله علیه وسلم نەیان كردبێت ئەوا ئێوەش مەیكەن ، وە دەست بە ڕێباز و ئاینی پێشینانەوە بگرن ، چونكە ئەوانەی پێشین هیچیان بۆ دوای خۆیان نەهێشتووە باسیان نەكردبێت .

وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ