ماڵپەری بەهەشت - www.ba8.org
نوسەر: هاوار عبدالله/پێداچونەوەى:مامۆستا عدنان بارام
بەرواری بڵاوکردنەوە: ٢٠١١/٠٣/١٠
دەزانى كێ نوێژ ناكات؟
بسم الله الرحمن الرحيم
الحمد لله وحدة، و الصلاة والسلام على من لا نبي بعده....
و بعد:
قەت بە خەیاڵتدا هاتووە ئەگەر یەكێك پێت بڵێت كافر چەن سەغڵەت ئەبى ؟ نازانم چى بەو كەسە ئەكەیت كە پێت ئەڵێت شێت ؟ خۆزگە بزانم كاردانەوەت چۆن ئەبێ بەرامبەر ئەو كەسەى پێت بڵێ عەقڵت مناڵە ؟.... هتد.
ئەى قەت لە خۆت پرسیوە كێ نوێژ ناكات ؟
1 ـ كەسێكى كافر كە باوەڕى بە خوا و ڕۆژى دوایى نەبێت و نەیەوێت سوژدە بۆ خوا ببات و دژایەتى خوا دەكات بۆیە نوێژ ناكات، كە سەر ئەنجام ئەگەر لەسەر ئەو حاڵە بمرێت ئەوا بۆ هەتا هەتایى دۆزەخ ئەبێتە دوا ماڵى نیشتەجێ بوون و مەنزڵگاى. هەروەك خواى پەروەردگار ئەفەرموێت: [ وَالَّذِينَ كَفَرُوا لَهُمْ نَارُ جَهَنَّمَ لَا يُقْضَى عَلَيْهِمْ فَيَمُوتُوا وَلَا يُخَفَّفُ عَنْهُم مِّنْ عَذَابِهَا كَذَلِكَ نَجْزِي كُلَّ كَفُورٍ] (فاطر: 36) واتە: ئاگرى دۆزەخ دوا ماڵی ئەوانەیە كە بێ باوەڕن و بۆ تا هەتایە تیایدا ئەمێننەوە و نە ئەوەتا بمرن و لەو سزا سەختە ڕزگاریان بێت و نە لە سزاكەشیان سووك ئەكرێتەوە، وە هەر بەو جۆرە پاداشتى هەموو بێ باوەڕێك ئەدرێتەوە.
دڵنیام تۆى موسڵمان ڕازی نابى بەوەى كە لە كوفر بژیت، وە دوورى لە كوفر و ڕقیشت لە كافرانە.
2 ـ ئەو ئافرەتانەى توشى (حيض و نيفاس ) ئەبن نوێژ كردنیان لەسەر نیە تەنها تا كاتى پاك بونەوەیان. تەنانەت خواى پەروەردگار ئەو ماوەیان بە نوێژ كردن بۆ ئەنوسێ هەروەك پێغەمبەرى خوا فەرمویەتى: (إذا مرض العبد أو سافر كتب الله تعالى له من الأجر مثل ما كان يعمل صحيحا مقيما)
واتە: ئەگەر بەندەى خوا نەخۆش كەوت یان سەفەرى كرد ئەوا خواى پەروەردگار پاداشتى بۆ ئەنوسێ بەئەندازەى ئەو كردەوانەى كە لەكاتى لەش ساغى و پێش سەفەركردنى ئەنجامى ئەدان. ئاشكرایشە (حیض و نفاس) هەم نەخۆشیە و هەم ڕێگریشە دەبێتە هۆى نوێژ نەكردنیان كەواتە نیەتەكەى دڵیان لەگەڵ بونى ئەو ڕێگرە بەسە بۆ ئەوەى خواى پەروەردگار ئەو ماوەیە پاداشتى نوێژ كردنیان بۆ بنوسێ با نوێژیشیان نەكردبێ.
نازانم برایانى موسڵمان وەڵامیان چیە بۆ ئەم خاڵە ؟!!
3 ـ مناڵى باڵغ نەبوو تەنها تا كاتى باڵغ بوونى نوێژ كردنى لەسەر نیە چونكە تا ئەوكاتە تاوانى لەسەر نانوسرێت. پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم ئەفەرموێت:(رفع القلم عن ثلاثة... وعن الصبي حتى يحتلم.)
واتە: تاوان لەسەر سێ جۆر كەس نانوسرێ... مناڵ تاكاتى باڵغ بونى
4 ـ كەسێكى خۆ بەزل زانى بە فیزى سەركەش سوژدە بردنى بۆ خواى تاك و تەنها بە كەموو كوڕى بزانێ، ئەمەش دوورە لە سیفەتى تۆى موسڵمان، چونكە خۆ بەزل زانین لە ئاست بەجێهێنانى فەرمانەكانى خواى پەروەردگار تەنها سیفەتى شەیتانە وەك خواى پەروەردگار ئەفەرموێت: [ فَسَجَدُواْ إِلاَّ إِبْلِيسَ أَبَى وَاسْتَكْبَرَ وَكَانَ مِنَ الْكَافِرِينَ ] (البقرة: 34). واتە: فرشتەكان سوژدەیان برد جگە لە شەیتان سەرپێچى كردو خۆى بە زل زانى و بوە یەكێك لە كافرەكان.
سەرئەنجامى ئەوانەش خۆیان بە گەورە ئەزانن بەم شێوەیەیە كە خواى پەروەردگار ئەفەرموێ: [ إِنَّ الَّذِينَ يَسْتَكْبِرُونَ عَنْ عِبَادَتِي سَيَدْخُلُونَ جَهَنَّمَ دَاخِرِينَ ] (غافر: 60) واتە: بَگومان ئەوانەى خۆ بە گەورە دائەنێن لە ئاست پەرستنى من بەتەنها ئەوا بە بچوكى وسەرشۆڕیەوە دەچنە دۆزەخەوە.
دڵنیام تۆى موسڵمان زۆر لەوە ژیر ترى و ڕازى نابى بەوەى كە هاوەڵى شەیتان بیت. دەسا بە ئەنجام گەیاندنى فەرمانەكانى پەروەردگارت پێچەوانەى شەیتان بەرەوە.
5 ـ كەسێك شێت بێ و عەقڵى لەدەست دابێ تا كاتى چاك بوونەوەى، واتە شێتەكان نوێژیان لەسەر نیە، هەروەك پێغەمبەرى خوا فەرمویەتى: (رفع القلم عن ثلاثة عن المجنون المغلوب على عقله حتى يفيق.)
واتە: تاوان لەسەر سێ جۆر كەس نانوسرێ، كەسێكى شێت عەقڵى لەدەست دابێت تا كاتى چاك بوونەوەى و گەڕانەوەى هۆشى
[ئێستا زانیت كێ نوێژ ناكات ؟]
ـ كافر تا موسڵمان ئەبێت. ئایە تۆ موسڵمانیت ؟
ـ ئافرەتێ دوچارى (حیض یان نیفاس) هاتبێ تا پاك ئەبێتەوە. ئەى تۆ چى ؟
ـ مناڵێكى باڵغ نەبوو تا باڵغ ئەبێت. ئایە تۆ خۆت لە هەموو كەسێك بە گەورەتر و عاقڵ تر و باڵغ تر نازانیت ؟
ـ شێتێك عەقڵى لەداست دابێت تا چاك ئەبێتەوە. ئایە تۆ شێتى و عەقڵت لەدەست داوە ؟
تۆ لەكام لەو كۆمەڵانە خۆت ئەبینیتەوە، بڵێیت هەركامیان دەبێ بیسەلمێنى، نەك بۆ من بەڵكو بۆ خواى پەروەردگار بیریشت نەچێ هەموو مرۆڤەكانى سەر زەوى فریو بدەى ناتوانى خواى پەروەدگار فریو بدەى هەروەك خۆى ئەفەرموێ: [ يَعْلَمُ خَائِنَةَ الْأَعْيُنِ وَمَا تُخْفِي الصُّدُورُ ] (غافر:19)واتە:ئەو خوایە هەمیشە بە چاوە خیانەتكارەكان _ بەرامبەر نافەرمانى خۆى _ ئاگەدارە و ئەزانێ و بەوەش كە دڵەكان حەشارى ئەدەن
گەر لە هیچ لەو كۆمەڵانە نەبیت و واى دەرخەى ئەوا بزانە خواى پەروەردگار ئەفەرموێ:   [ يُخَادِعُونَ اللّهَ وَالَّذِينَ آمَنُوا وَمَا يَخْدَعُونَ إِلاَّ أَنفُسَهُم وَمَا يَشْعُرُونَ ] (البقرة: 9)
واتە: ئەوان بە نیازى خۆیان ئەیانەوێ فێڵ و تەڵەكە لە خوا و ئیمانداران بكەن، بەڵام لە ڕاستیدا تەنها فێڵ لە خۆیان ئەكەن و خۆیان فریو ئەدەن و زیانەكەیشى تەنها بۆ خۆیانە بەڵام هەستى پێ ناكەن.
وە ئەگەر چى لە دونیایش هەموو خەڵكى سەر زەوى فریو بدەى لە تاقیكردنەوەى قیامەت بۆ كوێ ئەچى و پەنا ئەبەیتە بەر چى ؟
ئەو كاتەى نامەى كردەوەكانت ئەدرێتە دەستت ئەوتوانى نكۆڵى لەو شتانە بكەیت كە تیایدایە ؟
مادام لەو كۆمەڵانە نیت كە باسمان كرد، ئەگەر نوێژ ناكەى بەڕاشكاوى لەخۆت بپرسە بۆ نوێژ ناكەى ؟؟
نوێژكردن گومركى لەسەرە ؟؟ یان زەكات دان ؟ كات بە فیڕۆدانى تیایە ؟ یان زیان بە جەستە ئەگەیەنێ ؟ هەژارت ئەكا ؟ یان چى ؟؟ تەنها وەڵامێكى شیاوم بدەرێ ؟ ئەوە من چەندین دێڕم نوسیوە بە بەڵگەوە پێت ئەڵێم لەسەرت فەرزە نوێژ بكەى، دە تۆیش لەخۆت بپرسە نوێژكردن چ زیانێكى هەیە ؟ تەنها یەك زیانیمان پێ بلێ با ئێمەیش واز لە نوێژەكانمان بهێنین ؟
دەزانى ئەگەر مەجالى تیابوایە ئەوا لەپێش تۆ ڕوخستى پیرو پەكەوتەكان ئەدرا ڕوخستى نەخۆش و هەژارەكان ئەدرا، ئەوانەى لە پێناو خوا ئەجەنگان لە پێش تر بوون نوێژ نەكەن چونكە لە ترسا ئەژیان، هاوەڵان لەپێش تربوون نوێژ نەكەن چونكە لە پێناو سەرخستنى ئەم ئاینە ئازارێكى زۆریان ئەچەشت، پێغەمبەران لەپێش تربوون نوێژ نەكەن چونكە خواى پەروەردگار لە تاوانەكانیان خۆش بوو بو، ئایە تۆ خۆت لە پێغەمبەرمان a بەباشتر ئەزانى ؟ گەر وابى پێى كافر ئەبى گەر وایش نەبى سەرپێچى ئەكەى. لە كاتێكدا سەرەڕاى ئەوەى خواى پەروەردگار لێى خۆش بوو بو ئەوەندە شەو نوێژى ئەكرد قاچەكانى دەئاوسا كە لێیشیان ئەپرسى بۆ وا لەخۆت ئەكەى مەگەر خوا لە هەموو تاوانەكانت خۆش نەبووە لەوەڵامدا ئەیفەرموو: (أفَلا أكُونُ عَبداً شَكُوراً) واتە: ئەی نابێت بەندەیەكی سوپاسگوزاربم بۆ خواى پەروەردگار ؟
بۆیە من داوات لێناكەم شەونوێژ بكەى تەنها ئەمەوێ بە خۆتا بچیتەوە و لە خۆت بپرسى كێ نوێژ ناكات ؟ و بۆ چى ؟ ئەوەش بزانە ئەوانەى بەبێ عوزرێكى شەرعى نوێژ ناكەن ئازارى خواى پەروەردگار و پێغەمبەرەكەى ئەدەن، وە ئەوانەش خواى پەروەردار لە دونیا و لە قیامەتیش لەعنەتى لێ كردون و بەڵێنى داوە سزایەكى سەختیان بدات هەروەك ئەفەرموێت: [ إِنَّ الَّذِينَ يُؤْذُونَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ لَعَنَهُمُ اللَّهُ فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ وَأَعَدَّ لَهُمْ عَذَاباً مُّهِيناً ] (الأحزاب: 57) واتە: بەڕاستى ئەو كەسانەى ئازارى خوا و پەیامبەرەكەى ئەدەن ـ سەرپێچى لە فەرمانەكانیان ئەكەن ـ خواى پەروەردگار لە دونیا و قیامەتدا نەفرینى لێكردون و لە میهرەبانى خۆى دورى خستونەتەوە و سزایەكى سەرشۆڕكەرانەى بۆ ئامادە كردون.
خواى پەروەردگار فەرمانت پێ دەكا نوێژ بكەیت، ئایە ئازارى لەوە گەورەتر هەیە كە سەرپێچى فەرمانەكانى ئەكەیت ؟ كە نوێژ كردن پایەى دوەمى ئیسلام بێت ئایە نوێژ نەكردنت بە بچوك ڕوانین نیە بۆ ئەو پایە گرنگەى ئیسلام ؟ ئەمەش خۆى لە خۆیدا ئازاردانە بۆ خواى پەروەردگار و پێغەمبەرەكەى چونكە لە پاش شایەتومان داوات لێدەكات نوێژ بكەیت، كە نەتكرد یان كەمتەرخەمیت كرد لە ئەنجادانى ئەوە خۆى بۆ خۆى ئازاردانە بۆ خواى پەروەردگار و پێغەمبەرەكەى.
كەواتە نوێژەكانت لە یاد مەكە، وە كاتێك نوێژیش ئەكەى بەو شێوەیە بیكە خوا لە خۆت ڕازى بكەى، چونكە زۆرێك جەستەى خۆى ماندوو ئەكات لە نوێژ كردن كەچى ئەو نوێژەى ڕەنگە ببێتە هۆى توڕەبوونى پەروەردگار لێى، بۆیە ئەوەت لە یاد بێ ئەوانەى بە كەموكوڕى یەوە نوێژەكانیان ئەنجام ئەدەن، جیاوازیەكى ئەوتۆیان نیە لەگەڵ ئەوانەى هەر نایكەن هەروەك ئیمامى عومەر (رضي الله عنه) فەرمویەتى: ( إن الرجل ليشيب في الاسلام ولم يكمل لله ركعة واحدة !! قيل: كيف يا أمير المؤمنين قال: لا يتم ركوعها ولا سجودها).واتە: كەسى وا هەیە لە ئیسلامدا پیر ئەبێ و تەنها ركاتێك نوێژى بەتەواوى بۆ خواى پەروەردگار نەكردوە. وتیان چۆن ئەى ئەمیرى موسڵمانان. فەرمووى: نە ركوعى بەباشى ئەنجام ئەدا و نە سجودى.
كەواتە كە نوێژیش ئەكەى بەو شێوەیە بیكە كە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)فەرمویەتى:(صل صلاة مودع كأنك تراه فإن كنت لا تراه فإنه يراك
)
واتە: نوێژێك بكە وەكو نوێژى ماڵئاوایى كارێك وابێت، هەروەكو خواى پەرەردگار ببینیت، چونكە ئەگەر تۆ خواى پەرەردگار نەبینیت، ئەوا ئەو تۆ دەبینێت
وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِين
ماڵپەری بەهەشت - www.ba8.org