wb_sunny ناوەکانی خوای گەورە و واتاکانیان
  • الله

    بریتییە لە گەورەترین ناوی خودا و تایبەتە بە خۆیەوە و نابێ هیچ کەسێکی تر بەم ناوەوە ناو بنرێ ، وە پەرستراوی حەق و ڕاستییە و شایەن بە پەرستنە بەهۆی ئەوەی خاوەنی سیفەتە تەواوەکانە ، وە ئەو ناوە تاکە زاراوەیە کە هەموو ناوە جوان و تەواوەکانی تر دەگرێتەوە و هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ ئەم ناوە.

  • الرَّحمٰن

    به بەزەیی ، ناوێکە بەڵگەیە لەسەر فراوانی بەزەیی خودا و هەموو بەدیهێنراوەکانی دەگرێتەوە ، و ناوێکە تایبەتە بە خودا و نابێت بە ڕەهایی بدرێتە پاڵ هیچ کەسێك.

  • الرَّحيم

    به خشنده ، بەخشندە و لێبوردە بەرامبەر باوەڕداران لە دونیا و دواوڕۆژدا ، لە دونیادا ڕێنموویی کردوون بۆ بەندایەتی کردنی ، وە لە دوا ڕۆژدا ڕێزیان لێ ئەگرێ بە بەهەشتەکەی.

  • المالك

    پادشا ، موڵك و دەسەڵاتەکەی ڕاستەقینەیە و شیاويەتی ، موڵك و خاوەنداریەتی هەر بۆ ئەو بووە لە کاتی بەدیهێنانی دروستکراوان و بۆ هیچ کەسێکی تر نەبووە ، وە موڵك و خاوەنداریەتی هەر بۆ ئەوە لە کۆتاییدا و لە کاتی لەناوچوون و نەمانی دروستکراواندا.

  • القُدُّوس

    پاكوبێگەرد ، ئەو زاتەیە کە پاك و بێگەردە لە هەموو کەم و کوڕییەك لە هەر ڕوویەکەوە بێت ، ئەوەش چونکە تاكە بە هەموو وەسف و ستایشە تەواو ڕەهاکان و هیچ نموونە و هاوشێوەیەکی بۆ ناهێنرێتەوە.

  • السَّلام

    ئاشتی ، سەلامەت و دوورە لە هەموو کەم و کوڕییەك لە خودی خۆیدا بێت یان لە سيفاتەکانی یان لە ناوەکانی وە یان لە کردارەکانیدا ، وە هەر سەلامەتی و ئاشتییەك هەبێ لە دونیا و دوا ڕۆژدا لە ئەوەوەیە.

  • المُؤمن

    دڵنیا کەرەوە ، بەڕاستخەرەوەی پێغەمبەران و شوێنکەوتەکانیان بە گەواهیدانی ڕاستگۆیی بۆیان وە بەوەی دەیهێنێتە جێ لە بەڵگەکان لەسەر ڕاستگۆییان ، وە هەموو ئارامییەك لە دونیا و دوا رۆژدا ئەو بەخشەریەتی ، وە ئەو دڵ ئارامکەرەوەی باوەڕدارانە بەوەی ستەمیان لێ ناکات یان تووشی ترسیان ناکات لە قیامەتدا.

  • المُهَيمن

    چاودێریكار ، چاودێر و پارێزەر و ڕاگری هەموو شتێكە و شایەتە لەسەری و دەوری داوە و هیچ شتێکی لێ ون نابێت و ئاگاداری شتە ورد و نادیارەکانە و ئەوەشی لە دڵەکاندا شاردراوەتەوە دەیزانێ.

  • العزيز

    دەسەڵاتدار ، هەموو ماناکانی دەسەڵاتی ، دەسەڵاتی هێزی هەیە هیچ کەسێك ناتوانێ زاڵ بێت بەسەریدا ، وە بێ پێویستە و ئاتاجی هیچ کەسێك نییە و کەس ناتوانێ زەرەر و زیانی پێ بگەیەنێ ، وە زاڵ و باڵادەستە هیچ شتێك ناجوڵێ بە ویست و بڕیاری ئەو نەبێت.

  • الجَبَّار

    ناچاركه ر ، بە دەسەڵات و چاککاری کاروباری دروستکراوەکانی ، ئەو زاتەیە کە ویستی تەواوی هەیە و هەموو بەدیهێنراوان بەزێنراون بەرامبەری ، و ملکەچی مەزنی ئەون ، و گەردن کەچی بڕیارەکانین ، وە هەر ئەوە چاککاری کەسی شکاو و ڕووخاو ، وە هەژار دەوڵەمەند و بێ پێویست ئەکات و کاری قورس ئاسان ئەکات ، و کەسی نەخۆش و تووشبوو چارەسەر ئەکات.

  • المُتَكَبِّر

    خۆ بەگەورەزان ، ئەو زاتەیە کە گەورە و مەزنە و پاك و دوورە لە هەموو خراپە و کەم و کورتییەك ، و دوورە لە ستەمکردن لە بەندەکانی ، و بەزێنەری بەدیهێنراوە لە سنوور دەرچووەکانییەتی و هەر ئەویشە ستایشکراو بە خۆبەگەورەزانین ، و هەر کەسێك بیەوێ وەکو ئەو بێت لەوەدا ئەوا دەیشکێنێ و سزای دەدات.

  • الخالق

    دروستكەر ، ئەو زاتەیە کە هەموو دروستکراوانی بەدیهێناوە بەبێ ئەوەی پێشتر هاوشێوەیان هەبووبێ.

  • البارئ

    بەدیهێنەر ، ئەو زاتەیە کە ئەوەی ئەندازەی بۆ داناوەو و دیاری کردووە لە بەدیهێنراوەکان هێناویەتە بوون بەو شێوەیەی کە دیاری کردووە.

  • المصوِّر

    وێنەکێش ، ئەو زاتەیە کە بەدیهێنراوەکانی لەسەر ئەو شێوەیە بەدیهێناوە کە هەڵیبژاردووە بۆیان بەپێی ئەوەی دانایی و زانست و بەزەیی خۆی دەیخوازێ.

  • الغفَّار

    زۆر لێبوردە ، ناوێکە بەڵگەیە لەسەر زۆری و فراوانی لێخۆشبوونی خودا بۆ بەندە تاوانبارە پەشیمانەکەی.

  • القهَّار

    زۆر بە توانا ، ئەو زاتەیە کە بەندەکانی ملکەچ کردووە ، هیچ شتێك ڕوونادات و هیچ شتێك ئارام و بێدەنگ نابێ مەگەر بە مۆڵەتی ئەو نەبێ ، ئەوەی ئەو بیەوێ و ویستی لەسەر بێت ئەبێ و ئەوەشی نەیەوێ نابێ.

  • الوهَّاب

    زۆر بەخشەر ، خاوەنی بەخشینی زۆرە ، دەبەخشێ بەبێ بەرامبەر و بەبێ مەبەست ، وە ئەوەی بیەوێ ئەیبەخشێ لە موڵك و دەسەڵاتی بە هەر کەسێك کە بیەوێ لە بەدیهێنراوەکانی ، کلیلی خەزێنەکانی هەموو شتێکی بەدەستە کامەی بوێ دەیکاتەوە بۆ هەر کەسێك کە بیەوێ.

  • الرزَّاق

    زۆر ڕۆزیدەر ، ناوێکە بەڵگەیە لەسەر زۆری ڕۆزی پەروەردگار بۆ بەدیهێنراوەکانی ، هەر خوای گەورەیە ڕۆزییان دەدات پێش ئەوەی داوای لێ بکەن ، بەڵکو رۆزییان ئەدات تەنانەت لەگەڵ ئەوەی کە سەرپێچیشی ئەکەن.

  • الفتَّاح

    دەروكەرەوه ، دادوەر و بریار بەدەستە و دەرگای ڕۆزییەکان دەکاتەوە ، ئەو زاتەیە کە لە خەزێنەکانی دەسەڵاتی و بەزەیی و رۆزییەکەی دەکاتەوە ئەوەی بیەوێ بەپێی دانایی و زانستی خۆی ، وە هەر ئەوە بڕیار بەدەست و دادوەر لە نێوان بەندەکاندا ، و هەر ئەوە سەرخەری بەندە چاکەکانی.

  • العليم

    زانا ، ئەو زاتەیە کە زانستەکەی شتە دیار و شاراوەکان وە نهێنی و ئاشکراکان و ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشی گرتۆتەوە ، هیچ شتێکی لێ شاراوە نابێت و ورد و درشتی شتەکان دەزانێت.

  • القابض

    گوشەر ، ئەو زاتەیە کە ڕۆحەکان دەکێشێ ، وە هەر ئەوە کە ڕزق و ڕۆزییەکان دەگرێتەوە بە دانایی و توانای خۆی لە هەر کەسێك کە بیەوێ لە دروستکراوەکانی وەکو تاقیکردنەوەیەك بۆیان.

  • الباسط

    فراوانكەر ، ئەو زاتەیە کە ڕۆزی لەسەر بەندەکانی زیاد دەکات بە چاکە و بەزەیی خۆی ، جا بەوە تاقییان دەکاتەوە بەو شێوەیەی کە دانایی خۆی دەیخوازێ ، و دەستی ڕادەخات بۆ هەر کەسێك کە خراپەی کردبێ و بیەوێ پەشیمان بێتەوە.

  • الرَّافِع

    بەرزکەرەوە ، ئەو زاتەیە کە دۆست و خۆشەویستانی بە گوێڕایەڵی کردنی بەرزدەکاتەوە و سەریان دەخات بەسەر دوژمنانیدا و سەرەنجامیش هەر بۆ ئەوان دەبێت.

  • الخافِض

    نزمکەرەوە ، ئەو زاتەیە کە ستەمکار و لەسنوور دەرچووەکان نزم دەکاتەوە و سەرشۆڕیان دەکات و بێباوەڕان بە بێباوەڕی و دووریان لە دینەکەی سەرشۆڕ دەکات.

  • المُعِزُّ

    بەهێزکەر ، ئەو زاتەیە کە زاڵ و بەهێزە و کەس ناتوانێ بیبەزێنێ و هەر ئەوە کە پێغەمبەرانی بە پاراستن و سەرخستن بەهێز و سەربەرز دەکات ، و خۆشەویستانی بە پاراستن و پایەدار کردن بەهێز دەکات.

  • المُذِلُّ

    سەرشۆڕکەری ستەمکاران ، ئەو زاتەیە کە هەر کەسێکی بوێ لە ستەمکار و خراپەکاران سەرشۆڕی دەکات لە دونیا و دوا ڕۆژدا و هەر کەسێك چاو ببرێتە ئەوەی لە دەستی خەڵکیدایە و ڕوو لە ئەو نەکات ئەوا وای لێدەکات هەمیشە سەرشۆڕ و ئاتاج بێت بەوەی لە دەستی خەڵکیدایە.

  • السَّمیع

    بیسەر ، ئەوەیە کە بیستنی هەموو شتە نهێنی و ئاشکراکانی گرتۆتەوە ، وە هەموو دەنگە بەرز و نزمەکان دەبیستێت ، بەڵکو دەوری هەموو دەنگەکانی داوە و ئەیانبیستێت هەرچەندە نزم بن یان بەرز وە هەر ئەوە وەڵامدەرەوەی ئەوەی دوای لێ بکات.

  • البصير

    بینەر ، ئەوەیە کە بینینی هەموو بوونەوەری گرتۆتەوە ئەوەی شاراوە و نادیار بێت یان ئاشکرا و دیار بێت ، زانا و شارەزایە پێیان هەرچەندە وردبن یان گەورە.

  • الحَكَم

    دادوەر و بڕیاردەر ، ئەوەیە کە بڕیار دەدات لەنێوان بەدیهێنراوەکانیدا بە دادگەری ، و ستەم لە هیچ یەکێکیان ناکات ، وە هەر ئەوە کتێبە گەورە و مەزنەکەی دابەزاندووە بۆ ئەوەی بڕیاردەر بێت لە نێوان خەڵکیدا.

  • العَدْلُ

    دادپەروەر ، ئەو زاتەیە کە لە دونیا و دوا ڕۆژدا بڕیار دەدات لە نێوان بەندەکانیدا بە دادپەروەری و دادگەری و سەرجەم کارەکانی خوای گەورە لە نێوان چاکە و بەزەیی وە دانایی و دادپەروەریدایە.

  • اللَّطیف

    وردبین ، زۆر نەرم و نیان و وردبین زانایە بە شتە زۆر شارەوەکان و هیچیان لای ئەو شاراوە نین و هیچ شتێکی لێ شاراوە نابێ ، خێر و چاکە و سوود دەگەیەنێت بە بەندەکانی لە ڕووە شاراوەکانەوە بەڵکو لەو شوێنەوەی کە ئەوان هیچ بەبیریاندا نەهاتووە ، زانایە بەوەی لە دڵەکاندایە.

  • الخبير

    شارەزا ، ئەو زاتەیە کە زانستەکەی ناوەوە و بەشە شاراوەکەی شتەکانی گرتۆتەوە و دەوری داوە هەروەکو چۆن بەشە دیار و ئاشکراکانی گرتۆتەوە ، وە زانایە بەوەی بووە و ئەوەشی ئەبێت و بەڵکو زانا و شارەزایە بە هەموو شتێك.

  • الحليم

    هێدی ، ئەوەیە کە پەلە ناکات لە سزادانی بەندەکانی لەگەڵ ئەوەی کە توانای هەیە لەسەر سزادانیان ، بەڵکو لێیان خۆش دەبێت و دەیان بورێت ئەگەر داوای لێخۆشبوونی لێ بکەن.

  • العَظيم

    مەزن ، ئەو زاتەیە کە مەزنی ڕەهای هەیە لە خودی مۆی و ناو و سیفاتەکانیدا ، هەر بۆیە پێویستە لەسەر بەدیهێنراوان کە بە گەورە و مەزنی ڕاگرن وە فەرمان و قەدەغەکراوەکانیشی بە گەورە دابنێن.

  • الغفور

    لێ خۆشبوو ، ئەوەیە کە تاوان لەسەر خاوەنەکەی دادەپۆشێ چاوپۆشی لێ دەکات و ڕسوای ناکات و سزای نادات لەسەری.

  • الشَّکور

    سوپاسگوزار ، کردەوەی کەمی بەندەکان لەلای ئەو گەشە دەکات و زیاد دەکات و پاداشتیان بۆ زیاد دەکات ،سوپاسگوزاری خودا بۆ بەندە پاداشت دانەوەیەتی لەسەر سوپاسکردنی وە وەرگرتنی گوێڕایەڵی و بەندایەتییە لێی.

  • العَليُّ

    بەرزی بە دەسەڵات ، ئەو زاتەیە کە پایەی بەرزە و بەرزی زاڵێتی هەیە و خۆیشی بەرزە ، و هەموو شتێك لە ژێر دەسەڵاتی ئەودایە و ملکەچی ئەوە و هیچ شتێك لەسەرووی ئەوەوە نییە.

  • الكبير

    گەورە ، ئەو زاتەیە کە گەورە و مەزنە لە خۆیدا و لە وەسف و کردارەکانیشیدا ، وە هیچ شتێك نییە لەو گەورەتر بەڵکو هەر شتێکی تر هەیە بەرامبەر گەورەیی و مەزنی ئەو بچووك و هیچە.

  • الحفيظ

    پارێزەر ، ئەو زاتەیە کە بەندە باوەڕدارەکانی و کردارەکانیان بە چاکەی خۆی دەپارێزێ ، وە چاودێری سەرجەم بەدیهێنراوەکان دەکات و دەیانپارێزێت بە دەسەڵاتی خۆی.

  • المُقيت

    بژێوی گەیێن و فریادڕەس ، ئەو زاتەیە کە ڕزق و ڕۆزییەکانی دروست کردووە و گەیاندنی بە بەدیهێنراوان خستۆتە ئەستۆی خۆی و پارێزەریەتی ، وە چاودێر و پارێزەریشە بەسەر کردارەکانی بەندەکانەوە بەبێ کەم و کورتی.

  • الحَسِيب

    لێپرسەرەوە و چاودێر ، ئەو زاتەیە کە هەر خۆی بەسە بۆ بەندەکانی لە هەموو ئەو شتانەی کە بیر و هۆشیانی داگیر کردووە لە کاروباری دونیا و دوا ڕۆژیان ، وە بۆ ئیمانداران بەشی هەرە گەورە و زیاتر هەیە لە بەس بوونی ئەو بۆیان ، وە هەر ئەویشە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکات لەسەر ئەوەی ئەنجامیان داوە لە دونیادا.

  • الجَليل

    سیفەت بەرز ، ئەو زاتە گەورە و مەزنەیە کە دوورە لەوەی شایەن بە گەورەیی ئەو نەبێت و هەمیشە بە گەورە دانراوە لە دڵی دۆستان و خۆشەویستانیدا و دڵیان پڕ بووە لە بە گەورە دانانی و ملکەچ بوون بۆی.

  • الكَريم

    زۆر بەڕێز و بێ پێویست ، خاوەنی چاکە و بەخشینی زۆر و مەزن هەرچییەکی بوێ ئەیدات بە هەر کەسێکی بوێ و چۆنی بوێ ، بە داواکردن بێت یان بێ داواکردن ، وە لە تاوانەکان دەبورێ و کەم و کورتییەکان دەپۆشێ.

  • الرًقِيبْ

    چاودێر ، ئەو زاتەیە کە شارەزا و ئاگادار و چاودێرە بەسەر بەدیهێنراوەکانییەوە ، وە کردارەکانیان بۆ تۆمار دەکات ، و هیچ شتێکی لێ ون نابێ چەند بچووك بێت و هەر شتێكیش بە دڵدا بێت ئاگادارە پێی و لە چاودێری ئەو دەرناچێ.

  • المُجِيب

    وەڵامدەرەوە ، ئەو زاتەیە کە وەڵامی ئەو کەسانە دەداتەوە کە دوعا دەکەن ، و وەڵامی داواکاری داواکاران دەداتەوە بەپێی ئەوەی کە زانست و داناییەکەی دەیخوازێ.

  • الوَاسِع

    فراوان ، خاوەنی چاکە و بەزەیی فراوان هیچ کەسێك ناتوانێ ستایشی بکات بە ئەندازەی ئەوەی خۆی ستایشی خۆی پێ کردووە لەبەر زۆری ناو و سیفاتی بەرزی ، خاوەنی دەسەڵات و مەزنیی فراوان ، خاوەنی لێخۆشبوون و بەخشینی فراوان کە هیچ سنوورێك نییە بۆ دەسەڵات و زانست و موڵکی.

  • الْحَكِيم

    كاربەجێ و دانا ، ئەوەیە کە شتەکان لە شوێنی شیاوی خۆی دادەنێت ، وە لە کارەکانیدا هیچ کەم و کوڕی و هەڵەیەك ڕوونادات ، وە بە جوانترین شێوە بەدیهێنراوەکانی بەدی هێناوە ، هیچ شتێك بەبێ هۆ بەدی ناهێنێ ، وە هیچ شتێك هەروا بە شەرع و بەرنامە دانانێ ، وە بڕیاردان لە دونیا و دوا ڕۆژدا هەر بەدەستی ئەوە.

  • الوَدُود

    بەسۆزو خۆشەویست ، دۆستەکانی خۆشدەوێ و لێیان خۆش دەبێت و بەخشینی زۆریان پێ ئەبەخشێ تاوەکو لێیان ڕازی ئەبێت و کردەوەکانیان وەردەگرێ و وا دەکات خەڵکیش خۆشیانیان بوێ.

  • المَجِيد

    پایەبەرز ، ئەو زاتەیە کە خاوەنی ڕێز و بەرزی و دەسەڵاتە لە ئاسمانەکان و زەویدا.

  • الْبَاعِث

    زیندوکەرەوە ، ئەو زاتەیە کە سەرجەم بەدیهێنراوان لە دوای مردنیان زیندوو دەکاتەوە لە ڕۆژی دواییدا ، وە هەر ئەویشە پەیامبەرانی دەنێرێت بۆلای دروستکراوانی.

  • الشَّهِيد

    ئاگادار ، ئەو زاتەیە کە چاودێرە بەسەر بەدیهێنراوەکانی ، گەواهی داوە بۆ خۆی بە یەکتاپەرستی و دادپەروەری ، وە گەواهی دەدات بە ڕاستگۆیی ئیمانداران ئەگەر بە تەنها بیپەرستن ، وە گەواهی دەدات بۆ پێغەمبەرانی و فریشتەکانی .

  • الْحَقُّ

    ڕاست و ڕەوا ، ئەو زاتەیە کە نە گومان و نەنگی هەیە دەربارەی خۆی ، وە نە گومان هەیە لە ناو و سیفاتەکانی و پەرستراوییەتیدا ، و هەر ئەوە پەرستراوی حەق و ڕاستی و هیچ پەرستراوێكی تر نییە بە حەق جگە لەو.

  • الوَكِيل

    کار پێسپێردراو ، ئەو زاتەیە کە بەدیهێنان و بەڕێوەبردنی سەرجەم بەدیهێنراوەکانی خستۆتە سەر خۆی و هەر خۆی ئەیانهێنێتە بوون و یارمەتییان دەدات ، وە پشت پێ بەستراوی باوەڕدارانە ئەوانەی کە کارەکانیان ڕاسپاردەی ئەو کردووە پێش هەوڵدانیان و پشتیان پێ بەستووە لە کاتی هەوڵدانیان ، و سوپاسیان کردووە لە دوای یارمەتیدانیان ، وە ڕازی بوونە بەوەی بۆیان دیاریکراوە دوای تاقیکردنەوەیان.

  • القَويُّ

    بەتوانا ، ئەو زاتەیە کە هێز و توانای ڕەهای هەیە لەگەڵ تەواوی ویستن ، بەهێزە بە شێوەیەك هیچ کەسێك ناتوانێ بەرامبەر ویستی بوەستێتەوە ، و هەر شتێکی بوێ و ئەندازەی بۆ دابنێ دەیهێنێتە جێ ، و سزای سەخت و قورسە بۆ ئەو کەسانەی بێباوەڕ دەبن بە نیشانەکانی و نکۆڵی بەڵگەکانی دەکەن.

  • المَتِين

    بەهێز ، ئەو زاتەیە کە زۆر بەهێزە لە توانا و دەسەڵاتیدا ، و لە کارەکانیدا تووشی قورسی و هیلاکی و ناڕەحەتی نابێت و هەرگیز هێز و توانای کەم ناکات.

  • الوَلِيُّ

    دۆست و پشتیوان ، ئەوەیە کە ڕاگر و هەڵسوڕێنەری کاروباری بەدیهێنراوەکانیەتی و خۆی بەڕێوەبەری دەسەڵاتەکەیەتی ، وە هەر ئەوە پاڵپشت و سەرخەری دۆستەکانی.

  • الحَمِيد

    سوپاسكراو ، ئەوەیە کە سوپاسکراوە لەسەر ناو و سیفات و کردارەکانی ، وە هەر ئەوە کە سوپاس ئەکرێ لە کاتی خۆشی و ناخۆشیدا ، وە لەکاتی قورسی و ئاسانیدا ، وە هەر ئەوە شایەنی سوپاس و ستایشە بە ڕەهایی چونکە باسکراوە بە هەموو تەواوییەك.

  • المُحْصي

    ژمێرەری هەموو شتێك ، ئەو زاتەیە کە هەموو شتێکی ژماردووە و تۆمار کردووە و هیچ شتێکی ورد و گەورە لە ژێر دەستی دەرناچێ و زانایە بە شتە ورد و نادیارەکان و دەورەی هەموویانی داوە.

  • المُبْدِئ

    بەدیهێنەر ، ئەو زاتەیە کە بەدیهێنراوانی هێناوەتە بوون لە نەبوونەوە و هەموو شتێکی بە جوانی بەدیهێناوە بە ئەندازە و زانست و زانیاری خۆی.

  • المُعِيد

    زيندووکەرەوە ، ئەو زاتەیە کە بەدیهێنراوان زیندوودەکاتەوە لە دوای مردنیان تاوەکو چاکەکاران بە چاکەی خۆی پاداشت بداتەوە و خراپەکارانیش بە خراپەی خۆیان.

  • المُحْيي

    ژیێنەر ، ئەو زاتەیە کە لاشەکان زیندوو دەکاتەوە بە ڕۆح کردنە بەریان، و لە ڕۆژی دواییشدا دوای ئەوەی ڕزیون زیندوویان دەکاتەوە بۆ لێپرسینەوەیان لەسەر کردارەکانیان ، وە دڵەکان زیندوو دەکاتەوە بە ڕووناکی زانست و زانین و زەوی زیندوو دەکاتەوە بە باران و ڕوواندنی گژ و گیا و ڕزق.

  • المُمِيت

    مرێنەر ، ئەو زاتەیە کە زیندووەکان ئەمرێنێ وە بە مردن کەسە لەش ساغ و بەهێزەکان لاواز و بێ دەسەڵات دەکات ، وە دڵەکان ئەمرێنێ بە بێ ئاگایی ، و ژیرییەکان بە ئارەزووەکان.

  • الحَيُّ

    زیندوو ، ئەو زاتەیە کە خاوەنی ژیانی تەواو و بەردەوامە ، وە ژیان و مانەوەی ئەو سەرەتا و کۆتایی نییە و هەمیشەییە ، یەکەمینە و هیچ کەسێك لە پێش ئەوەوە نەبووە و دواهەمینە و هیچ کەسێك و هیچ شتێك لە دوای ئەوەوە نییە ، بەڵکو هەر ژیانێك هەیە لە بووندا لە ئەوەوەیە.

  • القَيُّوم

    ڕاگر و ڕێکخەر ، ئەو زاتەیە کە ڕاگری خۆیەتی و بێ پێویستە لە بەدیهێنراوەکانی ، وە هەر ئەویشە ڕاگر و هەڵسوڕێنەری هەموو ئەوەی لە ئاسمانەکان و زەویدایە و هەموویان ئەتاجی ئەون و پێویستیان پێیەتی.

  • الوَاجِد

    هەبوو ، ئەو زاتەیە کە زۆر دەوڵەمەند و بێ پێویستە دەوڵەمەندییەکی ڕەها و تەواو کە هیچ هەژاری لەدوا نییە.

  • المَاجِد

    پایە بەرز ، ئەو زاتەیە کە لەوپەڕی تەواوی و دەسەڵاتدایە ، کردارەکانی جوانن و وەسفەکانیشی هەروا ، و مامەڵە لەگەڵ بەندەکانی دەکات بە بەخشین و بەخشینەکانی سنووری بۆ نییە.

  • الواحِد

    يەك ، ئەو زاتەیە کە تاك و تەنهایە بە هەموو شتە تەواوە ڕەهاکان و هیچ هاوبەشێکی نییە تیایدا ، و هیچ هاوتا و هاوشێوەیەکی نییە ، و ئەمەش ئەوە پێویست ئەکات کە بە تەنها بەندایەتی بۆ بکرێت و هیچ هاوەڵێکی نییە.

  • الصَّمَد

    جێی مەبەست ، ئه‌و خوایه‌ی كه‌ ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ گه‌وره‌ییدا کامڵ بووه‌ و گه‌یشتۆته‌ ئه‌وپه‌ڕی گه‌وره‌یی ، و هەر ئەویشە بەدیهێنراوان مەبەستیانە لە بەجێگەیاندنی هەموو پێویستییەکانیاندا بەهۆی زۆری هەژارییان پێی ، و هەر ئەوە کە خواردن و ڕۆزی دەدات و پێویستی بە خواردن نییە.

  • القَادِر

    بە توانا ، ئەو زاتەیە کە توانا و دەسەڵاتی هەیە بەسەر هەموو شتێکدا و هیچ شتێك لە ژێر دەستی دەرناچێ لە زەویدا بێت یان لە ئاسمان ، وە هەر ئەوە ئەندازەی هەموو شتێکی داناوە.

  • المُقتَدِر

    سەرچاوەی توانا ، ناوێکە بەڵگەیە لەسەر ئەوپەڕی توانای خوای گەورە لە جێبەجێ کردنی ئەو شتانەی ئەندازەی بۆ داناوەو و بڕیاری لەسەر داوە و بەدیهێناوە بەو شێوەیەی کە لە زانستی خۆیدا هاتووە.

  • المُقَدِّم

    پێشخەری هەموو شتێك ، ئەو زاتەیە کە شتەکان پێش ئەخات و ئەیانخاتە شوێنی شیاوی خۆیان بەپێی ویست و دانایی خۆی ، وە هەنێ لە بەدیهێنراوانی پێش ئەخات بەسەر هەندێکی تردا بەپێی ئەوەی زانست و چاکەی خۆی ئەیخوازێ.

  • المُؤَخِّر

    دواخەری هەموو شتێك ، ئەو زاتەیە کە شتەکان لە شوێنی خۆیدا دائەنێ ، ئەوەی ویستی لێبێت پێشی خات پێشی ئەخات و ئەوەشی ویستی لێبێت پاشی بخات پاشی ئەخات بە دانایی خۆی ، وە سزا دوا ئەخات و پەلە ناکات لە سزادانی بەندە تاوانبارەکانی بەڵکو تەوبە بکەن و پەشیمان ببنەوە و بگەڕێنەوە بۆلای.

  • الأَوَّل

    یەکەمین و بێ سەرەتا ، ئەو زاتەیە کە هیچ شتێك لەپێش ئەوەوە نەبووە بەڵکو هەموو بەدیهێنراوان هاتوونەتە بوون بە بەدیهێنانی ئەو بۆیان ، هەرچی خوای گەورەشە هیچ سەرەتایەك نییە بۆ بوونی.

  • الأَخِر

    دوایەمین و بێ کۆتا ، ئەو زاتەیە کە لە دوای ئەوەوە هیچ شتێك بوونی نییە ، هەر ئەوە هەمیشە دەمێنێتەوه ، و ئەوەی لەسەر زەوییە تیادەچێ و نامێنێ ، و پاشان گەڕانەوەیان بۆلای ئەوە ، و هیچ کۆتاییەك نییە بۆ بوونی ئەو هەر بەرز و باڵادەستە.

  • الظَّاهِر

    ئاشکرا ، ئەو زاتەیە کە بەرزە و لەسەروو هەموو شتێکەوەیە و هیچ شتێك نییە لەسەرووی ئەوەوە بێت ، وە هەر ئەوە زاڵ و بە توانا بەسەر هەموو شتێکدا و دەوری هەموو شتێکی داوە.

  • البَاطِن

    پەنهان و نادیار ، زانا بە پەنهان و ئاگاداری نهێنییەکان ئەو زاتەیە کە هیچ شتێك نییە لەو نزیکتر بێت ، و هەر ئەوە نزیك و دەوردەری هەموو شتێك و نادیارە لەپێش چاوی بەدیهێنراوان لە دونیادا و زانا و شارەزایە بەوەی شاراوەیە و ئەوەی لە دڵەکاندایە و ئاگادارە بە ورد و درشتی شتەکان.

  • الوَالِي

    سەرپەرشتیار ، ئەو زاتەیە کە شتەکان یەك بەدوای یەك دەبەخشێ بە بەندەکانی و هەر کەسێکی بوێ سەری دەخات و بێ ئاگا نابێت لە هیچ شتێك ، و خۆی خاوەنی هەموو شتەکانە و چۆنی بوێ بەڕێوەیان دەبات.

  • المُتَعَالِي

    زۆر بەرز ، گەورە و بەرز و باڵادەسته ئەو زاتەیە کە هەموو شتێك ملکەچ و زەلیلە بەرامبەر بەرزی و باڵادەستییەکەی ، و هیچ شتێك بە ڕەهایی لەسەریەوە نییە بەڵکو هەموو شتێك لە خواروویەتی ، و لەژێر زاڵی و دەسەڵاتی ئەودایە.

  • البَرُّ

    چاکەکار ، ئەوەیە کە چاکەی زۆر و فراوانە بەرامبەر بەدیهێنراوەکانی ، دەبەخشێت و کەس ناتوانێت بەخشش و چاکەکانی بژمێرێت ، وە ڕاستگۆیە لە بەڵێنەکانیدا ، و چاوپۆشی دەکات لە بەندەکەی و سەری دەخات و ئەیپارێزێت ، وە کەمی لێ وەردەگرێ و بۆی زیاد دەکات و گەشەی پێدەکات.

  • التَّوَّاب

    تۆبەوەرگر ، ئەو زاتەیە کە هەر کەسێکی بوێ لە بەندەکانی سەرکەوتووی ئەکات بۆ تەوبەکردن و پەشیمان بوونەوە و لێشی وەرەگرێ.

  • المُنْتَقِم

    تۆڵەسێن لە ستەمکاران ، ئەو زاتەیە کە تۆڵە لە ستەمکار و سەرپێچیکاران دەکاتەوە و پشتیان دەشکێنێ ، و سزایەکی زۆر سەختیان دەدات دوای ئەوەی ئاگاداریان دەکاتەوە پاشان سزایان دەدات و پێیان دەچێژێ سزا و تۆڵەی کەسێکی زاڵی بەتوانا.

  • العَفُوُّ

    لێبوردە ، ئەو زاتەیە کە تاوانەکان دەسڕێتەوە و چاوپۆشییان لێ دەکات و سزا نادات لەسەری لەگەڵ ئەوەی کە بەندە شایەنی سزادانە.

  • الرَّؤُوف

    میهرەبان ، زۆر بەسۆز و میهرەبانە ناوەکە لە ( سۆز ) ـەوە وەرگیراوە بەڵام ئەوپەڕی سۆز و بەزەییە ، و بۆ هەموو بەدیهێنراوانە لە دونیا و تایبەتە بە بەشێکیان لە دوا ڕۆژدا ئەوانیش دۆست و خۆشەویستە ئیماندارەکانین.

  • مَالِكُ المُلك

    پاشا وخاوەنی هەموو موڵك ، ئەو زاتەیە کە خاوەنی موڵکی هەموو ئاسمانەکان و زەوی و ئەوەشی تیایاندایە ، هیچ دەسەڵاتێك نییە لەسەرووی دەسەڵاتی ئەو بەڵکو دەسەڵاتی ڕەهای هەیە ، و هەر خۆی بەڕێوەبەری هەموو کەونە.

  • ذُوالجَلالِ والإِكرَام

    خاوەن شکۆ و ڕێز ، ئەو زاتایە کە خاوەنی بەزەیی و بەخشین و چاکەیە بە گشتی و بە تایبەتی ، و ڕێز دەگرێ لە دۆستەکانی و ئەوانەی هەڵی بژاردوون ، ئەوانەیان کە بە گەورەی دادەنێن و خۆشیان دەوێ.

  • المُقسِط

    دادپەروەر ، ئەو زاتایە کە ئەوپەڕی دادپەروەری هەیە لە بڕیارەکانیدا ، و هەر یەکێك لە بەدیهێنراوانی بەشێك لە خێر و چاکەی ئەوەی بۆ هەیە ، و هەر ئەویشە تۆڵە بۆ ستەملێکراو ئەسێنێتەوە لە ستەمکار ، و دوورە لەوەی ستەم بکات لە هیچ یەکێك و پرسیاری لێ ناکرێ دەربارەی کردارەکانی.

  • الجَامِع

    کۆکەرەوە ، ئەو زاتەیە کە خەڵکی کۆدەکاتەوە بۆ ڕۆژێك کە هیچ گومانێکی دەربارە نییە ، وە کردەوەکانیان و ڕۆزییەکانیان کۆدەکاتەوە ، و هیچ بچووك و گەورەیەكی لێ جێناهێڵێ ئیللا ژماردوویەتی ، هەموو ئەمانەش بەهۆی تەواوی دەسەڵاتی و فراوانی زانستی.

  • الغَنِيُّ

    دەوڵەمەند بە هەموو شتێك ، ئەو زاتەیە کە پێویستی بە هیچ شتێك نییە و گوێڕایەڵی هیچ کەسێك لە موڵك و دەسەڵاتی زیاد ناکات ، وە سەرپێچی کردنی هیچ یەکێك لە سەرپێچیکاران لە موڵکی کەم ناکاتەوە ، و هەموو بەدیهێنراوان ئاتاجی ئەون.

  • المُعْنِي

    دەوڵەمەندکەر ، ئەو زاتەیە کە هەر کەسێكی بوێ لە دروستکراوانی دەوڵەمەند و بێ پێویستی دەکات و ئەوەی بیەوێ لە موڵك و دەسەڵاتی پێی دەدات ، و هەندێك لە بەندەکانی دەوڵەمەند دەکات بە ڕێنموویی کردنیان و چاککردنی دڵەکانیان.

  • المَانِع

    پارێزگار ، ئەو زاتەیە کە بەندەکەی ئەپارێزێ لە بەڵا و ناڕەحەتییەکا ، وە ئەوەی بیەوێت ئەیدات بەوەی بیەوێ و هیچ کەسێك ناتوانێ ڕێگری لێ بکات ، و ئەوەشی بیەوێ بیگرێتەوە لە کەسێك ئەیگرێتەوە و هیچ ڕێگرێکی نییە.

  • الضَّارُّ

    زیان گەییێن ، ئەو زاتەیە کە زیان دەگەیەنێت بە بێباوەڕان بەهۆی دژایەتی کردنیان بۆی ، وە زیان دەگەیەنێت بە سەرپێچیکاران بەوەی بێبەشیان دەکات لە بەخشینی خۆی.

  • النَّافِع

    سود گەیێن ، ئەو زاتەیە کە سوود ئەگەیەنێت بە هەر کەسێك بیەوێت لە بەندەکانی سوودە دونیایی و دینییەکان ، وە ئەو کەسانەی گوێڕایەڵی ئەکەن سوودیان پێ ئەگەیەنێت بە سەرخستنیان و چاکەکردن بەرامبەریان.

  • النُّور

    ڕووناکی ، ئەو زاتەیە کە بە ڕووناکییەکەی هەموو جیهان ڕووناك بۆتەوە ، و بە ڕووناکی ڕووی تاریکاییەکان ڕووناك بۆتەوە ، وە خوای گەورە خۆی ڕووناکییە و پەرتووکەکەی ڕووناکییە و دینەکەشی ڕووناکییە.

  • الهَادِي

    ڕێنمویکەر ، ئەو زاتەیە کە ڕێنموویی بەندەکانی دەکات بۆ هەموو سوودەکان و دوورکەوتنەوە لەوەی زەرەری هەبێ بۆیان ، وە ئەوەی نایزانن فێریان دەکات ، وە وا لە دڵەکانیان ئەکات نەرم بێتەوە بۆلای و ملکەچی فەرمانەکانی بێت.

  • البَدِيع

    داهێنەر ، ئەو زاتەیە کە هیچ هاوشێوەیەکی نییە لە خودی خۆی و لە سیفات و کردارەکانیدا وە لە کردارەکانی و بەدیهێنانەکانیدا ، و هەر ئەوە داهێنەری ڕەها.

  • البَاقِي

    هەمیشە ماو ، ئەو زاتەیە کە زیندووە و بە هەمیشەیی دەمێنێتەوە و کۆتایی بۆ نییە ، و هەموو شتێك لەناو ئەچێت ئەو نەبێت ، دەستپێك و سەرەتا نییە بۆ یەکەمینییەتیەکەی وە نەمان و تیاچوون نییە بۆ کۆتاییەکەی.

  • الوَارِث

    میراتگری هەموو بوونەوەر ، ئەو زاتەیە کە دەمێنێتەوە لەدوای نەمان و لەناوچوونی بەدیهێنراوان ، و هەموو شتەکان ئەگەرێتەوە بۆلای ئەو دوای نەمانی خاوەنەکانیان و بەڵکو هەموو ئەوەی لە دەستی ئێمەدایە سپاردەیەکە ڕۆژێك دێت دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنە ڕاستییەکەی.

  • الرَّشِيد

    شارەزاکەر و ڕێ نیشادەر ، ئەو زاتەیە کە ڕێنموویی بەدیهێنراوانی کردووە بۆ ئەوەی سوودیانی تێدایە و ئەوەشی زیانیانی تێدایە ئاگاداری کردوونەتەوە لێی ، هەموو بڕیارەکانی چاکە و لە داناییەوەیە.

  • الصَّبُور

    ئارامگر ، ئەو زاتەیە کە پەلە ناکات لە سزادانی ئەوەی سەرپێچی ئەکات بەڵکو مۆڵەتی پێ ئەدا بەڵام لەبیری ناکات لەگەڵ ئەوەی کە توانای هەیە لەسەر سزادانی.